شاندی حکومەت لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم کۆبووەوە

 رووداو - سلێمانی

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە شاری سلێمانی سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و هاوژینی مام جەلالی کرد.

شاندەکە لە نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەت و دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکوەزیران پێکهاتووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای سەردانیکردنی گۆڕان، یەکێتی و سۆسیالیست بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "ئەمڕۆ بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی رەوشی ئێستا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبووینەوە و، بەگشتی دوو بۆچوون هەیە، یەکێکیان ئەوەیە حکومەتێکی کاتی دابمەزرێنین، ئەوەی دیکەش ئەوەیە بەزووترین کات هەڵبژاردن بکەین".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند "لەگەڵ لایەنەکان لەسەر سێ بنەمای سەرەکی کۆکین: دژی دوو ئیدارەیین، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و، نابێت هیچ لایەنێک بە تەنیا گفتوگۆ بکات".

گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای سەردانی شاندی حکومەت بوو بۆ گردی زەرگەتەی و کۆبوونەوە لەگەڵ عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵێک ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە، پاشان سەردانیکردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و دواتریش کۆبوونەوە لەگەڵ سۆسیالیست.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەن، دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکەن، پاشان وەکو حکومەت بڕیار دەدەن.

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار