زریان لەسەر شكانی بۆڕییەك كوژرا
رووداو- هەولێر
زریان لە كاتی گواستنەوەی ماڵەكەی بۆ نێو خانووە تازە دروستكراوەكەی، لەلایەن دراوسێیەكیان بە دوو گوللە كۆتایی بە ژیانی هات و رێگەی نەدا لەنێو خانووە نوێیەكەی بحەسێتەوە.
زریان زوبێر، تەمەن 20 ساڵ، جووتیار بوو لە گوندی سەعداوای نزیك ناحیەی گوێر، بۆرییەكی مەزرا كە لە هەولێرەوە دێت بەرەو گوندەكەیان، لەنێو زەویی ماڵی باوكی زریان و بەهۆی بەسەرداڕۆیشتنی تراكتۆر دەشكێ، ئەمەش دەبێتە هۆی كێشە و دواتریش مەرگی زریان.
زوبێر قادر، باوكی زریان بە (رووداو)ی گوت: "كوڕەكەم بەناهەق خوێنی رژا، خوداش ئەوەی قبوڵ نییە كە بەهۆی شكانی بۆرییەك بە گوللە وەڵام بدرێتەوە و بكوژرێت، لەكاتێكدا ئێمە بۆریەكەمان نەشكاندبوو، تەنیا بۆرییەكە بەناو زەویی ئێمەدا دەڕوات و ماڵێكی گوندەكە كە بە ئاوی ئەو مەزرایە زەوییە كشتوكاڵیەكەیان ئاو دەدا، هاتن و گوتیان دەبێت بۆمان چاك بكەنەوە و كردیان بە كێشە، منیش خاوەنی ماڵ و منداڵم، بۆیە نەمویست ببێت بە كێشە، تێچووی چاككردنەوەی بۆڕییەكە تەنیا 20 هەزار دینار بوو بۆم چاككردن، بەڵام ئەوان هەر رازی نەبوون و بەدڵیان نەبوو، تا كوڕەكەم بە بەلاش بووە قوربانی".
نزیكەی دوو مانگ بەسەر رووداوەكەدا تێپەڕیوە، بەڵام باوكی زریان دەڵێت بكوژەكانی كوڕەكەی هێشتا دەستگیرنەكراون. ئەو دەڵێت "ئێمە پیاوی هەژارین، بۆیە هیچمان پێناكرێت، ئەوان خواپێداون و خەڵكیان لەپشتە، بۆیە ترسیان نییە، نزیكەی دوو مانگە دەستگیر ناكرێن".
ساهیرە فارس باوە، 22 ساڵان، كوردەواری گوتەنی گریانەكەی بەردی دەكردە ئاو، كاتی ناوی زریانی لەلا دەهێندرێ وەك یەكەم رۆژی كوژرانەكەیەتی. ئەو بە گریانەوە گوتی "لەناو باوەشم زریانیان دەرهێنا و بەبێ ئەوەی تاوانێكی كردبێت كوشتیان. بە هەزار دەردی سەری، خانوویەكمان دروستكرد، بەڵام نەیانهێشت یەك شەویش تێیدا بژین".
ساهیرە باسی رۆژی رووداوەكە دەكات و دەڵێت "خەریكی گواستنەوەی ماڵ بووین لە هەولێرەوە بۆ سەعداوا، زۆری نەمابوو بگەینە خانووەكە، لەناكاو ئۆتۆمبێلێكی رەساسی بەرەوڕوومان هات و خۆی لە ئۆتۆمبێلەكەی ئێمە خشاند، زۆر نزیك بووەوە، كوڕەكانی ماڵی بكوژەكە بوون، زریان پەیوەندی بە خەزوورمەوە كرد و پێیگوت بابە ماڵی (ئا.ح) شەڕمان پێدەفرۆشن، بەڵام خەزوورم پێیگوت وەڵامیان مەدەنەوە، من ئێستا لەگەڵ باوكیان قسە دەكەم، بەڵام باوكیان گوتبووی خۆم ناردوومن بۆ گیانتان".
ساهیرە دەشڵێت: "ئۆتۆمبێلەكە وازی لێهێناین و رۆیشت، كە گەیشتینە گوند كوڕەكان و باوكیان بە چەكەوە هاتنە سەر سەرمان و مێردەكەم توند گرت، گوتم تۆ نەڕۆی، تازە هاوسەرگیریمان كردووە با ماڵەكەمان لێ تێكنەچێت، شوبراكەم دابەزی، بەڵام یەكسەر گوللەیەكیان پێوەنا، هاوژینەكەم لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزی و دوو گوللەیان بەویشەوە نا، من رامكرد تا ماڵی خەزوورم ئاگادار بكەمەوە، هاوژینەكەم بە برینداری سواری ئۆتۆمبێلەكە بوو بۆ ئەوەی لەدەستیان هەڵبێت، بەڵام نەیتوانیبوو رێبكات و خۆی دابوو لە دیوارێك، دواتر گیانی دەرچوو".
كەم كەس هەیە خۆی لەئاست گریان و ناڵەی ساهیرە بگرێت، مەگەر تەنیا بۆنی (زیلان)ـی 9 مانگە بتوانێت كەمێك كپی بكاتەوە. ساهیرە دوو رۆژە باوكی بردوویەتیەوە بۆ ماڵی خۆیان، ئەو دەڵێت ئێستا دوو جار پرسەمە، چونكە لە ماڵەكەم هەڵكەندرام و نازانم چارەنووسی كچەكەشم چی لێدێت..
رۆژانە شین لە ماڵی باوكی زریان و ساهیرەی خێزانی دەبیسترێت، ئەو منداڵە داوای باوكی دەكات، باوكیشی بوو بە قوربانی شكانی بۆڕییەك.
محەممەد زوبێری تەمەن 19 ساڵان، برای زریانە و لە رووداوەكەدا بریندار بووە، بە (رووداو)ی گوت "كاتێك گەیشتینە نزیك گوندەكەمان، ئەوان بە كڵاشینكۆف و دەمانچە بەرەوڕوومان هاتن، چوار كوڕ و باوكیان بوون، ئێمە لە بەتانی و راخەر زیاتر هیچمان پێنەبوو، من یەكەم كەس بووم لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزیم، فیشەكێكیان لە قاچی راستم دا و كەوتم، دواتر بە قۆنداغە تفەنگ و دار هەموو لەشیان شكاندم. ئاگام لە براكەم نەما، بەڵام گوێم لە دەنگی فیشەكەكان بوو".
ئێستا ئەو خێزانە سكاڵایان لەسەر بكوژەكە و سێ برای و باوكیان تۆمار كردووە و داوای دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان لە حكومەت دەكەن كە وەك خۆیان دەڵێن هەڵاتوون و لەپاڵ كەسێكی دەسەڵاتدار خۆیان حەشارداوە.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبیژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی گوت "ئەو كەیسە كۆمەڵایەتییە و بەهۆی كێشەی ئاو بووە لەنێوان دوو بنەماڵەدا، تاوانبار هەڵهاتووە و خێزانەكە لە شوێنێكی نادیارن، ئێمەش پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان بۆ كردوونەتەوە و هێشتا بە كراوەیی ماوەتەوە".