تۆڕەکانی چاودێریی هەڵبژاردن: 327 پێشێلکاری تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕەکانی چاودێریی هەڵبژاردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا ئەنجامی چاودێریی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو و رایانگەیاند، لایەنە سیاسییەکان 124 سکاڵایان هەبووە.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا کە رۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن گوتی، "کۆمەڵێک پێشێلکاری لە بەشێکی فراوانی بنکەکانی دەنگدان تۆمارکراون، لەوانە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاتی دەنگداندا".
هۆگر چەتۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەزار و 600 کەس وەک چاودێریی رێکخراوەکان چاودێریی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان کردووە؛ هەروەها چەند "پێشێلکارییەک"ـی هەڵبژاردنی خستەڕوو کە ئەمانەن:
- بەکارهێنانی مۆبایل و وێنەگرتنی دەنگ
- درەنگ کردنەوەی وێستگەکانی دەنگدان
- دوورخستنەوەی بریکاری لایەنی سیاسی
- دوورخستنەوەی نوێنەری رێکخراوەکان
- تووندوتیژی لەنێوان کارمەندانی کۆمیسیۆن، رێکخراوەکان، بریکاری لایەنەکان و دەنگدەران
- نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر
سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن گوتی، "لایەنە سیاسییەکان 124 سکاڵایان لەسەر کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان هەبووە".
لە هەمان کۆنگرەدا، سەعد بەتات، سەرۆکی تۆڕی عەین بۆ چاودێریی هەڵبژاردن گوتی، "رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکراون. لە نزیک بنکەکان بە دەنگی بەرز و ئاشکرا بانگەشە لە رۆژی هەڵبژاردن هەبوو. بەگشتی 327 پێشێلکاری تۆمار کراون".
رۆژی 18ی مانگ دەنگدانی تایبەت و دوێنی 20-10-2024یش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ ریزبەندی دووەم و سێیەمیان گرتووە.