گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ رووداو: رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی و تایبەت 72٪ بووە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رێژەی بەشداریی هاونیشتمانیان لە دەنگدانی تایبەت و گشتی 72٪ بووە. 
 
رۆژی دووشەممە 21-10-2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی و تایبەت لە پارێزگاکان بەمشێوەیە بووە؛ هەولێر 72٪، سلێمانی 65٪، دهۆک 78٪ هەڵەبجە 69٪. 
 
رێژەیی بەشداری لە دەنگدانی گشتی 70٪ـیە و لە تایبەت 97٪ بووە. گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، رێژەی بەشداری لە هەردوو دەنگدان پێکەوە گەیشتووەتە 72٪. 
 
لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لە دەنگدانی تایبەت پێشکێشکراون، جومانە غەلای گوتی، 71 سکاڵا تۆمارکراون و زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بوون کە 25 سکاڵان، دوای ئەویش دابەشبوونی سکاڵاکان بەم جۆرەیە: لە هەڵەبجە 24، لە هەولێر 11 و لە دهۆک 11 سکاڵا.
 
جومانە غەلای گوتی، بۆ دەنگدانی گشتی، هێشتا دیار نییە، چونکە لایەنەکان هێشتا دەتوانن سکاڵای خۆیان تۆماربکەن و، "دوای ئەوە راپۆرتی کۆتایی دەگاتە دەستمان و بڵاوی دەکەینەوە". 
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لە بەغداوە رابگەیێنێت.
 
رۆژی هەینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت و یەکشەممە 20-10-2024 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 
 
چەند زانیارییەک لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە:
 
لەم هەڵبژاردنەدا 14 پارت و هاوپەیمانی رکابەرییان لەسەر کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد. کۆی بەربژێران 1191 و پارتەکانیش رکابەرییان لەسەر 95 کورسی لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا کرد. 
 
هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشکرا بەمشێوەیە:
 
هەولێر، 34 کورسی
سلێمانی، 38 کورسی
دهۆک، 25 کورسی
هەڵەبجە، سێ کورسی
 
لە کۆی ئەو 100 کورسییە، پێنج کورسی بۆ کۆتا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دانراون.
 
هەروەها لە کۆی 1191 بەربژێر بۆ ئەو هەڵبژاردنە، 949 بەربژێریان سەر بە حیزبەکان بوون، 123 بەربژێری هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ 119 بەربژێری سەربەخۆ هەبوون.
 
پارتی زۆرترین بەربژێری هەبوو بە 190 بەربژێر و بەرەی تورکمانیش کەمترین بەربژێری هەبوو کە 11 بەربژێرن.