دابەشکردنی نەوت لە هەڵەبجە دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، 94 هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە و بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجەش دەڵێت، ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکە دەستیپێکرد.
 
ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ (شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە دەستمان بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ماڵاندا لەنێو شاری هەڵەبجە کرد. لەوانەوە دەستمان پێکرد کە ساڵی رابردوو نەوتیان وەرنەگرتبوو."
 
دابەشکردنی نەوتی سپی لە شاری هەڵەبجە لەکاتێکدایە، چەند ساڵێکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هیچ بڕە نەوتێک دابەشنەکراوە. ساڵانی رابردوو و ئەمساڵیش ئەوەی لەو سێ پارێزگایە دابەشکراوە لە ناوچە شاخاوییەکان بووە؛ لە سەرەتای ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە پارێزگای هەڵەبجە، دەستیپێکرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو دوێنێ 20ـی ئۆکتۆبەر، 19 ملیۆن لیتر نەوتی سپییان بەسەر 94 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکردووە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی سووتەمەنی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 15ـی ئۆکتۆبەر کە 11 ملیۆن و 967 هەزار لیتر نەوت دابەشکرابوو، زۆرترینی بۆ پارێزگای هەولێر بوو کە 4 ملیۆن و 238 هەزار لیتر نەوت دابەشکرابوو؛ لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی تاوەکو 12ـی مانگ، لە قەزاکانی پێنجوێن و سەیدسادق 3 ملیۆن و 260 هەزار لیتر دابەشکرابوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیش 4 ملیۆن و 469 هەزار لیتر نەوت بەسەر 22 هەزار و 345 خێزاندا دابەشکرابوو.
 
بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار دینار لە هاونیشتمانیان وەردەگیرێت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوتی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
 
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.