مستەفا چاوڕەش: برینداربوونی ئاکام عومەر پێویستی بە لێکۆڵینەوە نییە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، تەندروستیی ئاکام عومەر باشە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە، هاوکات هەموو ئەو تۆمەتانەش رەتدەکاتەوە، کە لەبارەی تەقینەوەکە باس دەکرێن.
 
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لەگەڵ 7 ئەندامی دیکەی هێزەکەی لە نزیک گوندی قوم پەلکە لە کفری بەهۆی "تۆڕێکی مین"ەوە برینداربوون و یەکێکیش لە ئەندامانی هێزەکە شەهید بوو.
 
ئەمڕۆ هەینی 21-10-2022، مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە لەبارەی رەوشی تەندروستیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دکتۆرەکان دەزانن پشتیوان بە خودا باش دەبێت، هەموومان نزای خێری بۆ دەکەین. تاوەکو ئێستا شوکر باشە لە نەخۆشخانەیە لەژێر چاودێریدایە".
 
سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە، مستەفا چاوڕەش گوتی: "ئەو رووداوە پێویستی بە لێکۆڵینەوە نییە، کاری داعش و تیرۆریستانە. ئەمە کاری خۆمانە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەین، هەموو ئەو قسانەش رەتدەکەینەوە کە جۆرەها شرۆڤەی خراپی لەسەر دەکرێت. ئەو شوێنەی کە لێی بریندار بووە دیارە، ناوچەکەش دیارە".
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19-10-2022 هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەچنە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکە، بەڵام "تۆڕێکی مین" بەهێزەکەدا دەتەقێتەوە. بەو هۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە شەهید دەبێت و فەرماندەکەیان و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار دەبن.
 
دوای رووداوەکەش، لاهوور شێخ جەنگی، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەی جیدی لە رووداوەکە بکرێت و داوای کرد "هۆکار و کەمتەرخەمییەکان دیاری بکەن بۆ ئەوەی رووداوی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-10-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری نەقیب زوهێر کرد، کە لە رووداوی تەقینەوەی مین بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکەیان لە سنووری گەرمیان شەهیدبوو، هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستان خواست، کە لە رووداوەکەدا بەسەختی بریندار بوو.
 
مەحموود سەنگاوی: ئومێد دەکەم ئاکام عومەر نەمرێت و بگەڕێتەوە بۆ ژیان
 
مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە لەبارەی تەندروستیی ئاکام عومەر و رووداوەکەوە رایگەیاند، "زۆر بەداخەوە لەو رووداوەش ئاکام زۆر بەسەختی برینداربوو، ئاکام فەرماندەیەکی لاو بوو کە من لای خۆم زۆر ئومێدم پێی هەبوو، ئومێدیش دەکەم تەندروستیی باش بێت و ئومێدیش دەکەم نەمرێت و بگەڕێتەوە بۆ ژیان. بە نیازیشم ئێستا بچمە لای تەندروستی رەنگە زۆر باش نەبێت، بەڵام دکتۆرەکان لەسەرین و هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن".
 
مەحموود سەنگاوی راشیگەیاند، داعش ئەوەندە بۆمبی چاندووە، رەنگە تاوەکو 50 ساڵی دیکەش بتەقنەوە. ئەو بۆمبانە بۆمبی کۆنن دانراونەتەوە، ئێستا لە ئەنجامی رۆیشتن و پێ لەسەر دانان بەو هێزەدا تەقیوەتەوە.