زاوا و خەزوورێک لە زاخۆ پاسپۆرتی ساختەیان دروستکردووە و بە هەزاران دۆلار بە خەڵکیان فرۆشتوون
رووداو - زاخۆ
لە زاخۆ زاوایەک و خەزووری 200 پاسپۆرتی وڵاتان و سەدان ناسنامەیان ساختە کردووە، مۆر و ڤیزای ئەوروپا و وڵاتانی دیکەیان لێداون. زاواکە دەستگیرکراوە و خەزووریشی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.
ئەو پاسپۆرتانەی ساختەیان کردوون، هی چەندین وڵاتی تێدایە، وەکو ئەڵمانیا، فەرەنسا، رووسیا، تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران. هەروەها چەندین ناسنامە و وەڵاتینامە و مۆر و ڤیزەش لەنێو جانتایەکدا لە ماڵی زاواکە لەلایەن ئاسایشی ئیبراهیم خەلیلەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و کەیسەکە رادەستی پۆلیسی زاخۆ کراوە.
زاواکە دەڵێت، خەزووری پاسپۆرت و شتە قاچاخ و ناباشەکانی پێداوە، کاتێکیش تەلەفۆنی بۆی کردووە، پێی گوتووە، ئەو شتانە خەڵک دەیانبات و لەلای ئەو نامێنن.
بەپێی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، 10 ساڵە خەزوور بە هاوکاریی زاواکەی بەڵگەنامە ساختە دەکەن، هەر پاسپۆرت و ڤیزایەکیشیان بە 13 بۆ 15 هەزار یۆرۆ فرۆشتووە.
نەهشەت سەلمان، بەرپرسی پەیوەندی و راگەیاندنی پۆلیسی ئیدارەی زاخۆ بە رووداوی گوت، هەردوو تۆمەتباری سەرەکی ئەو کارەیان هەم وەکو قاچاخی و هەمیش وەکو ساختەکاری کردووە، پاسپۆرت و ڤیزە و هەموو جۆرە بەڵگەنامەیەکیان ساختە کردووە.
بەپێی پۆلیسی ئیدارەی زاخۆ، ئەمە چوارەم کەیس و گەورەترین کەیسە کە ئەمساڵ تۆمارکراوە.