کەمال کەرکووکی:میحوەری رۆژئاوای کەرکووک ئارامە

رووداو-هەولێر

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک دەڵێت "میحوەرەکەمان ئارامە و  ئەوانەی هێرشیانکردووەتە سەر کەرکووک، شانەی نووستوون و خەڵکانێکی عەرەبی ناوچەکە رێنیشاندەریان بوون".

کەمال کەرکووکی بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند"  بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە چەند شوێنێکی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک بە هاوەن و ئاڕپیجی هێرشیانکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە لیواکانی 2 ، لیوای 6 -ی فەرماندەیی کەرکووک و 126 و یازدە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان هێرشەکەیان تێکشاند و زیانی زۆریان پێگەیاندوون".

کەمال کەرکووکی گوتی"  لەو چەکدارانەی هێرشیانکردبوو چوار چەکداریان، کە یەکێکیان خۆکوژبوو دزەیانکردبوو چووبوونە نێو وێستگەی کارەبای دووبز، سەرجەمیان لەلایەن هێزی ئاسایش و پێشمەرگەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک کوژران یەکێکیشیان خۆی تەقاندبوو".

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک هەروەها گوتیشی" هەندێک چەکداری دیکەیان چووبوونە نێو گوندەکانی نێوان کەرکووک و دووبز، کە یازدە کەسیان خەڵکی ناوچەکەن و هەندێکیش لەوانە ناسراون و خەڵکی هەمان گوندن، دوای شەڕێکی گەورە تواندرا گوندەکە کۆنترۆڵبکرێتەو و کۆتاییان پێبێت، ئەوان هێرشیانکردبووە سەر ئاسایشی پارتی لە دۆمیز، پارێزگا و پۆلیسی تەسفیرات، بەڵام بەرپەرچیاندرایەوە"

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک راشیگەیاند" چەکدارانی داعش ژمارەیەکی زۆریان لێکوژراون و برینداربوونە یەکێک لە بریندارەکانیان ناوی ئەبو حارسە".

سەبارەت بە هێرشی داعش بۆ سەر گوندی قەرەتەپە بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک گوتیشی" گوندی قەرەتەپە چۆڵکراوە و چەند چەکدارێکیان لەو گوندەماون، ئەوانیش لە چەند کاژێرێکی داهاتوودا لەنێو دەبرێن".

کەمال کەرکووکی جەختیکردەوە ، ئەوان زانیاریان لەبارەی ئەو جمووجۆڵەوە هەبووە گوتیشی"  سەرجەم شوێنەکانی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک کۆنترۆڵکراوەتەوە و رەوشی میحوەرەکە ئارامە".

ئاماژەی بەوەشدا" ئەو چەکدارانەی داعش شانەی نووستوون و خەڵکانێکی عەرەبی ناوچەکە رێنیشاندەریان بوون".