سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رەتی دەکاتەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە. هەڵگورد شێخ نەجیب بە رووداوی گوت، "هەموو دەنگۆکان رەتدەکەمەوە و بەردەوامم لە کارەکەم."
هەڵگورد شێخ نەجیب بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و گوتی، "راستە بەربژێرم، بەڵام من لە کەرتی سەربازییدا نیم و دەتوانم بەردەوام بم لە کارەکەم و بەردەوامیش دەبم تاوەکو دوای هەڵبژاردن. ئەگەر چوومە پەرلەمان، ئەوکات دوای سوێندخواردن دەبێت دەستلەکاربکێشمەوە."
هەر ئەمڕۆ حەكیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت، هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە کە سەرپەرشتیاری گشتیی ئیدارەکە دەست لەکاربکێشێتەوە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە 14-09-2021 بە فەرمی راگەیێندرا و پێکهاتووە لە قەزاکانی سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان؛ هەروەها 14 ناحیە لە خۆدەگرێت.
لە رۆژی راگەیاندنی ئیدارەکەوە، هەڵگورد شێخ نەجیب، قایمقامی پێشووی قەزای سۆران وەکو سەرپەرشتیار دەستبەکار بووە.