لە هەڵەبجە ئاوی ئاوەڕۆ تێکەڵ بە چەمی حەمەو خان بووە و هاونیشتمانییانی بێزار کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

چەمی حەمەو خان لە هەڵەبجە کە ئاوەڕۆی شارەکەی دەکەوێتە سەر، کێشەی بۆ خاوەن باخ و دانیشتووانی نزیک چەمەکە دروستکردووە. 
 
فارس زیاتر لە 70 ساڵە بە باو باپیرییەوە باخێکیان هەبووە، بەڵام بۆنی ناخۆش و ئاوەڕۆی ماڵان وای لێکردوون بیر لە فرۆشتنی بکەنەوە. 
 
فارس دەڵێت: "ئەم چەمە گەورەترین بۆشایی بۆ هەڵەبجە دروستکردووە. هەرچی لاکە تۆپیوە دەیهێننە ئێرە، هەرچی شەخەڵی ئەم شارەیە دەیهێننە ئێرە. بۆ زستانیش بێزارکەرە، دەبێتە کێشە بۆ جووتیاران. ئاوەکە هەڵدەستێ و هەر کەسە و بە لای ئەویتردا دەیبات، ئەگەر باسی بۆنیشی بکەیت، خۆزگە کەسێک لە لایەنی پەیوەندیدار دەهات، خولەکێک لێرە دەبوو، دەیزانی ژیانی باخەوانەکان چۆنە. موڵکی کۆنی باوکمە دەنا هەر حەزم نەدەکرد بێمە ئێرە. کێ دەڵێت سەوزەشی پێناکەن؟" 
 
هەرکەس بەرکەوتەی هەبێت بەم ئاوە قورسە، نەخۆش دەبن و کاریگەری ئەو ئاوە لەسەر بەروبوومی باخەکانیش دەبن.
 
ئومێد ئەحمەد، ئەندازیاری کشتوکاڵییە و دەڵێت: "ئەو ئاوە ئاوی زێرابە. مادەی قورس و کانزای قورسی تێدایە. لەگەڵ پیسایی شارەکان دەچێتە خوارەوە. نەخۆشیمان هەیە لە کانزا قورسەکە. نەخۆشیمان هەیە کە لە ناو پیسایی دەگوازرێتەوە. سکچوون و رشانەوە، ئەوان بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو ئاوە پیسە هەیە کە دەبێتە هۆی نەخۆشی بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان. لەگەڵ ئەوەش چەند جۆر گیای هێناوەتە ناو باخەکان. گیای وا سەوز بووە بە هيچ دەرمانێک لاناچێت." 
 
شارەوانی دەرخستەی بۆ پرۆژەی سندووقی ئاوەڕۆکە کردووە، بەڵام دەڵێن لەبەر بێ پارەیی کارەکە ناکرێت.
 
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت: "پێشتر لەلایەن تیمە هونەرییەکانی شارەوانیمان دەرخستە ئامادەکراوە بۆ ئەو پرۆژەیە کە نزیکەی چوار ملیار دیناری دەوێت و ئێستا ئەوەندە پرۆژەی خزموتگوزاریمان زۆرە لەنێو کوچە و کۆلانەکانی هەڵەبجە ئاستی خزمەتگوزاریمان نەگەشتووەتە ئاستێک بتوانین ئاوڕ لەو ئاوەڕۆ سندووقییە بدەینەوە و پارەکەشی زۆرە." 
 
نزیەکەی سێ کیلۆمەتر پرۆژەی سندووقیی ئاوەڕۆ پێویستە تاوەکو ئەو ئاو و بۆنە ناخۆشە لە چەمی حەمەوخان نەهێڵدرێت.