کێشە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دروست دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق نزیکەی 150 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکرد و پارەکەی کردە چەک، کێشە بۆ خەرجکردنی بەشە پارەی جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە دروستبووە.
 
9ی ئەیلوول بڕیاری خەرجکردنی پارەکە درا. ئەو بڕە پارەیەی چەکی خەرجکردنی دراوە بە گوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە: پارێزگای هەولێر 47 ملیار و 373 ملیۆن دینار؛ سلێمانی و هەڵەبجە 67 ملیار و 841 ملیۆن و دهۆکیش 35 ملیار و 541 ملیار دینار.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە 21ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک خەرجکرا، بەڵام بە پاساوی نەخوێندنەوەی سیستم، بانکی رافیدەین ئامادە نییە بەشە پارەکەی ئێمە خەرج بکات."
 
بە گوتەی نەسرین ئەحمەد، چەکەکە کۆمپانیایەک دروستی دەکات هەر سەر بە بانکی رافیدەینە لە بەغدا و ئێستا بانکەکە دەڵێت، ئەو چەکەی بۆ سلێمانی کراوە سیستم نایخوێنێتەوە؛ بۆیە پارەکە خەرج ناکەن.
 
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە گوتیشی، "بەڵێنمان پێدراوە سبەی کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام دڵنیاکەرەوە نییە."
 
هەر ئەمڕۆ نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پارەی ئەوان وەرگیراوە و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەشێکیان دابەشکردووە و لە سبەیەوە بەشەکەی دیکەش دابەش دەکەن.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە تەنیا 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردبوو.
 
ئەو پارەیەی تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە نێردرابوو 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆن دیناریشی بۆ جووتیارانی دهۆک بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.