بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی باسیان لە میکانیزمی پێشکێشکردنی سکاڵا و رێکاری یاسایی لە دژی بۆردوومانەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت و پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە کردووە.
 
شەوی رابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. 
 
لەوبارەوە، رۆژی پێنجشەممە 21-09-2023 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی پێشکێشکردنی سکاڵا و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەبارەی بۆردوومانەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەرەبەت کراوە، کە بەهۆی ئەو هێرشەوە ژمارەیەک کارمەندی دەزگای دژەتیرۆر لە پارێزگای سلێمانی شەهید بوون." 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بە درۆن هێرشکرایە سەر یەکێک لە کابینەکانی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، کە هێزێکی دژەتیرۆر تێیدا سەرقاڵی مەشق و راهێنان بوون. دوای هێرشەکە، دژەتیرۆر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا "سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و، سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. 
 
هاوکات نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "ئەرکی هەموومانە رووبەڕووی پێشێلکاری و بەزاندنی سنووری وڵات ببینەوە، ناکرێت سەقامگیریی خاک و وڵاتمان لەژێر مەترسیدا بێت و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت."
 
لەبارەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، بافڵ تاڵەبانی داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد، رۆڵی یاسایی خۆیان بگێڕن لە بەبارێزگاکردنی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی ئەو شارەی زۆرترین قوربانیی داوە.
 
رۆژی 18ـی ئەیلوول، بڕگەى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە خشتەى کۆبوونەوەکە لادرا، بۆ کۆبوونەوەى 19ـی ئەیلوول و ئەو بڕگەیە دانەنرایەوە، بەهۆیەوە کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ 21ـی ئەیلوول. 
 
بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند "خشتەى کۆبوونەوەى پێنجشەممەى پەرلەمان رانەگەیێندراوە و نازانین ئەو بڕگەیەى تێدایە یان نا، ئەگەر تێیدا نەبێت، وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتى کۆبوونەوەکە دەکەین."