مەسرور بارزانی پیرۆزبایی 53ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە 53ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی و گشت مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئومێدەوارم یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، بەردەوام بێت لە ئەرکی پیرۆزی خۆی لە پەرەپێدانی کولتووری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان."
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی دەڵێ ئومێدەوارە یەکێتیی زانایان بەردەوام بێت لە "بەرەنگاربوونەوەی هزری تووندڕۆیی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان."
یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان لە 21ــی ئەیلوولی 1970 لە ناحیەی گەڵاڵەی ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر بە چاودێری و ئامادەبوونی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرێنراوە، بارەگای سەرەکیی یەکێتییەکە لە پارێزگای هەولێرە.
هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکێتییەکە کرد و رایگەیاند: "رۆڵ و خهبات و تێكۆشانى مامۆستايان و زانايانى ئايينى و يهكێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان له سهردهمى شۆڕش و بهرهنگاربوونهوهى ستهمكاريدا، ههروهها ئامادهيى و كاريگهرييان له ئێستاى ئازادى و كۆمهڵگهى كوردستان و ههوڵ و كۆششيان لهپێناو پاراستنى مافهكانى زانايانى ئايينيدا، بهرز و به رێزهوه ههڵدهسهنگێنين."