لە کەرکووک دوو هەزار و 550 پۆلیس دادەمەزرێندرێن

رووداو  دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، 650 پۆلیسی هاتووچۆ بە گرێبەست بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کەرکووک دادەمەزرێندرێن. دەشڵێت "کەرکووک لە ئاستی عێراقدا کەمترین پۆلیسی هاتووچۆی هەیە."
 
عەمید محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە 21-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوو هەزار 550 پۆلیس بە گرێبەست بۆ کەرکووک دادەمەزرێنێت، لەو ژمارەیە 650ـیان بۆ پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووکە."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک گوتی "ناوەکان پێشکێشکراون، لە 01-10-2023 رێکارەکانیان دەستپێدەکات، گرێبەستەکەیان سێ ساڵە و مووچەی مانگەیان 500 هەزار دینارە."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک باس لە کەمیی میلاکی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک دەکات و دەڵێت "لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کەرکووک کەمترین پۆلیسی هاتووچۆی هەیە و پێویستییەکی زۆری بە کارمەندی پۆلیسی هاتووچۆیە بۆ راییکردنی کارەکانی."

لیوا خالید مەحنا، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە 08-07-2023 پەخشکرا، رایگەیاند 37 هەزار و 100 کەس بە گرێبەست بۆ کارکردن لە وەزارەتی ناوخۆ دادەمەزێن، کە ئەمانە دابەش دەبنە سەر بەشە جیاوازەکانی پۆلیس، وەکو فریاکەوتن و پۆلیسی ناوخۆ و هاتووچۆ و بەرگریی شارستانی.

گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عێراق گوتی، ئەوانەی وەردەگیرێن دوو خول دەبینن؛ خولێکی سەرەتایی و خولێکیش تایبەت دەبێت بەو بەشەی کە کارمەندەکە دەیەوێ گرێبەستی تێدا بکات. ئامادەکارییەکانیش بریتین لە دابینکردنی پێداویستی، جلوبەرگی تایبەت بۆ ئەو کەسەی راهێنانەکەی پێ دەکرێت کە بە خۆڕاییە، هەروەها هێنانی فێرکار و دابینکردنی بنکەی راهێنان و هەموو ئەوانە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تەواو کراون و ئامادەن و بەهیواین ئەم پرۆژەیە و ئەم گرێبەستە ببێتە سەرەتایەک بۆ هێنانی خوێنی نوێ بۆ ریزەکانی پۆلیس، چونکە زۆر کارمەندی پۆلیسمان هەن کە تەمەنیان هەڵکشاوە.