سەرۆک بارزانی بۆ زانایانی ئایینی: لە خزمه‌تکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەھا پیرۆزەکان به‌رده‌وام بن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان دەکات و دەڵێت، هەروەک چۆن لە رابردوودا رۆڵیان هەبووە، هیواشی خواست لە داهاتوودا بەهەمانشێوە رۆڵیان هەبێت لە "بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و رەتکردنەوەی ژێردەستی و چه‌سپاندنی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان و دینداری."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-09-2022، سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 52 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەردانی مەکتەبی تەنفیزیی ئەو یەکێتییەی کرد و بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی کە لەبارەی سەردانەکەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ئەو یادەی لە زانایان و مامۆستایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ زانایان دەربڕی.
سەرۆک بارزانی هیوای خواست چۆن لە رابردوودا یەکێتیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی "رۆڵی کاریگه‌ریان له بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و رەتکردنەوەی ژێردەستی و چه‌سپاندنی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان و دینداری هەبووە، به هەمانشێوەش له داھاتوودا لە خزمه‌تکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەھا پیرۆزەکان به‌رده‌وام بن."
دەقی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی:
رۆژی چوارشه‌ممه 21ـی ئەیلوولی 2022، سه‌رۆک مسعود بارزانی به بۆنه‌ی پەنجاو دووەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له هه‌ولێر سه‌ردانی مه‌کته‌بی ته‌نفیزی یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانی کرد، لەلایەن دکتۆر عەبدوڵلا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و دکتۆر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، و ئەندامانی یەکێتی زانایانی ئیسلامی پێشوازی لێ‌کرا.
سەرەتا سه‌رۆکی یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان به‌ناوی سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان به‌خێرهاتنی سه‌رۆک مسعود بارزانی کرد و کورته‌یه‌کی له‌باره‌ی مێژوو و کار و ئامانج و ئه‌رکه‌کانی یه‌کێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌وەدا ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆک بارزانی سه‌ردانه بۆ ماڵی هه‌موو زانایانی ئایینی ئیسلامی له کوردستان.
سه‌رۆک بارزانی جارێکی دیکه پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد، و پشتیوانی خۆی بۆ زانایانی ئایینی لە کوردستان دەربڕی، هیوای خواست چۆن له رابردوودا رۆڵی کاریگه‌ریان له بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و رەتکردنەوەی ژێردەستی و چه‌سپاندنی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان و دینداری هەبووە، به‌هەمان شێوەش له داھاتوودا لە خزمه‌تکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەھا پیرۆزەکان به‌رده‌وام بن.