بۆ جاری چوارەم کارکردن لە رێگەی نێوان پێنجوێن و دەروازەی سنووریی باشماخ وەستا

 
رووداو - پێنجوێن

ئیشکردن لە شەقامی دوو سایدی نێوان پێنجوێن و دەروازەی سنووریی باشماخ وەستا کە جاری چوارەمە بە شۆفڵ و بەربەستی کۆنکرێتی رێگەی هاتوچۆیان داخست.
 
کۆمپانیاى جێبەجێکار ئەم هەڵوێستەى بەرامبەر بە حکومەت بۆ ئەوە دەنوێنێنێت کە دەڵێت پارەى پرۆژەکەیان بۆ خەرج ناکرێت. شەقامێکى دوو ئاراستەیە و بە هێڵى خێرا ناسراوە، دەروازەى  نێودەوڵەتیی باشماخ بە قەزاى پێنجوێن و لەوێشەوە بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.
 
دلێر شوانى، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى جێبەجێکارى شەقامى باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پێنجوێن ئەو پەڕى بتوانرێت 20 رۆژى دیکە کار بکرێت. ئەگەر پارەکەیان بناردایە دەمانتوانى ئەو بەشەى دیکەى تەواو بکەین، بەڵام نە پارە دەدەن نە
ئەو بەشەى کە تەواو بووە لێمان وەردەگرن. وا خەریکە شەقامە لەنێو دەچێت".
 
ساڵى 2014 و لە کابینەى هەشتدا لەسەر پارەى پترۆ دۆلار پرۆژەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە. کابینەى نۆ گواستییەوە بۆ سەر بودجەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە. ئێستا زۆرینەى شەقامەکە دوو چین قیرکراوە و چینى کۆتایی ماوە.
 
سۆران غەریب، شۆفێرە و دەڵێت، "لەوەتەى ئەم شەقامە هەیە بووەتە کێشە بۆمان، هەرچى سەیارەمان هەیە، هەمووى هەڵوەشا".
 
هەڵمەت سەڵاحەدین، کارمەندى کۆمپانیاى جێبەجێکارە و دەڵێت، "شەقامەکە دادەخەین تا ئەو کاتەى پارە دەبێت و دەست دەکەینەوە بە کارکردن".
 
ئەم پرۆژەیە بە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانى حکومەت ناسراوە، دەکەوێتە سەر ئەو دەروازە بازرگانییەى کە ساڵانە داهاتێکى زۆر بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیدا دەکات.
 
تایبەتمەندییەکانی رێگەکە:
 
10کیلۆمەتر درێژە
 
70٪ی کارەکانی تەواوبووە
 
 30٪ـی کارەکانی ماوە
 
ماوەی یاسایی 611 رۆژ
 
زیاتر لە چوار هەزار رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە
 
بودجەکەی 34 ملیار دینارە
 
20 ملیار دیناری بۆ خەرج کراوە
 
بە گوتەی قایمقامى پێنجوێن دواکەوتنى پرۆژەکە لەبرى خێروبێر خەریکە بە زیان بەسەریاندا دەشکێتەوە.
 
زانا رەحمان، قایمقامى پێنجوێن بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆى ئەوەى بارهەڵگرەکان شەقامى باشماخیان بەسەردا داخراوە، ناچار بەناو
پێنجوێندا هاتووچۆ دەکەن و بوونەتە هۆى هەڵوەشاندنى شەقامەکانمان".
 
ئەم کێشەیەمان گەیاندە لاى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە، خۆى و شاندێکی وەزارەتەکەى چوونە پێنجوێن بۆ بینینى پرۆژەکە، بەڵێنی دا لەگەڵ سەرۆکى حکومەت بابەتەکە بگەیەننە رێگەچارەیەکى گونجاو.
 
دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوادانکردنەوەى هەرێمى کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەر کاتێک ئەنجوومەنى وەزیران بڕیار بدات بۆ خەرجکردنى پارەکە، بۆیان دەنێرین، بەڵام حکومەت خۆیشی تێگەیشتنى باشى بۆ ئەم پرۆژەیە هەیە".
 
هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئێراندا سێ دەروازەى نێودەوڵەتىی هەیە، باشماخ، حاجى ئۆمەران و پەروێزخان و لەگەڵ تورکیاش ئیبراهیم خەلیل، بەڵام تەنیا رێگەکەى باشماخە کە بەو جۆرە بە وێرانەیى و دواکەوتوویى ماوەتەوە.