ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و داهات و خەرجی تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و چوار بڕگە تاوتوێ دەکات، لەنێویاندا پرسی داهات و خەرجی.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی ئاب، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت.
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا چوار بڕگە تاوتوێ دەکرێن کە ئەمانەن:
 
- ئەنجامی لیژنەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 لەبارەی داهات و خەرجی، میلاک و تۆماری بایۆمەتری، ژمارەی یەکگرتووی وەزیفی و خستنەڕووی کێشە و چارەسەر و راسپاردەکان.
 
- کارەکانی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە یەکخستنی رێکارە داراییەکان بۆ یەکخستنی یاسا، پەیڕەو، رێنمایی و رێکارەکانی تایبەت بە دارایی گشتی و سیستمی کارپێکراوی ژمێریاری، کە ئێستا بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیی ژمارە 6ی ساڵی 2019 لە عێراق رێکخراوە.
 
- هاوئاهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئەرک و رۆڵی وەزارەتەکان بۆ پێشکێشکردنی ئاسانکاریی لۆجیستی بۆ کۆمیسیۆن، لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ.
 
- وەزیری بازرگانی و پیشەسازی راپۆرتێک لەبارەی پرۆسەی کڕین و وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران دەخاتەڕوو.