بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا خاوەنی کارگەکانی نیگەرانکردووە

 
رووداو - هەولێر

کرێی کارەبای مانگی رابردووی کارگەیەکی هەولێر 17 ملیۆن دینار بووە، کە 203 کرێکار لەو کارگە کار دەکەن؛ کرێی مانگانەی کارەباکە  دەست هەقی 34 کرێکارە، ئەمە جگە لە باج و رسومات.
 
ژیار جەمال، ئەندازیاری کارگەکە دەڵێت، "پێشتر سێ ملیۆن دینارمان بۆ دەهاتەوە، بەڵام لەوەتەی بووەتە پێنج بەرابەر ناچارین کاڵاکانمان گران بکەین، یاخود بیر لە داخرانی بکەینەوە، چونکە ئاوا ناتوانین کێبڕکێی بەرهەمی هاوردە بکەین."
 
بەشێک لە خاوەن کارگە و کرێکارەکانیان هەتا بڵێی گلەییان لە نرخی کارەبا هەیە. داخرانی کارگەکان دەیان کەس بێ کار دەکات، گرانیی نرخیش بازاڕ لەبەردەم بەرهەمی هاوردە خۆشتر دەکات.
 
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی هاوردە و هەناردنکاران دەڵێت، "زۆر لە خاوەن کارخانەکان بیریان لە داخرانی کارگەکانیان کردووەتەوە یان دایان خستووە، سەرمایەداری دیکە هەبوون کارگە دابنێن و بەهۆی کارەباوە چوونەتە شارەکانی عێراق لەوێ وەبەرهێنان دەکەن. زیاتر لە 8000 کارگە لە هەرێمی کوردستان هەبوون و ئێستا زیاتر لە 5000یان لەکارکەوتوون و ناتوانن بەو شێوازە بەردەوام بن."
 
یەک کیلۆواتی کارەبا پێشتر بۆ کەرتی پیشەسازی نرخەکەی 60 دینار بوو، ئێستا 157 دینارە.
 
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای سۆران رایگەیاند، "دەبێت جیاوازی هەبێت لەنێوان کارەبای ماڵان و کەرتی پیشەسازی، ئەوانە بازرگانی دەکەن، هەیانە پێویستیان بە کارەبای سریفێزە و بەردەوامە و دەبێت جیاوازی هەبێت."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پیشەسازی، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 3000 کارگە هەن، لەگەڵ گرانبوونی نرخی کارەبا نزیکەی 20 کارگە پشت بە تەزووی کارەبای حکومەت نابەستن.