کۆمپانیای نیسان بانگەواز بۆ کشاندنەوەی 236 هەزار ئۆتۆمبێلی سێنترا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای نیسان بانگەواز بۆ کشاندنەوەی 236 هەزار ئۆتۆمبێلی جۆری سێنترا دەکات، ئۆتۆمبێلەکان مۆدێلیان 2020 تاوەکو 2022 یە. کۆمپانیاکە دەڵێت، کێشەی کۆنتڕۆڵکردنی سوکانیان هەیە.
 
مەحموود موزەفەر، بەڕێوەبەری وەرشەی کۆمپانیای نیسان لە هەولێر دەڵێت، "ئەو جۆرە بانگەوازانە لە نێو زۆربەی کۆمپانیاکان روودەدەن جار و بارە، هەڵەیەکی تەکنیکی بۆ بەشێکی ئۆتۆمبێلانە دروست دەبێت کە رەنگە بۆ کیشوەرێکی دیاریکراو دروستکرابێت و لە بانگەوازەکەدا ئۆتۆمبێلەکانی کەنداو و عێراق و ناوچەکە ناگرێتەوە." 
 
ئەو پارچەیەی کە بۆتە هۆکاری بانگەوازەکەی نیسان رۆدە. رۆد، سوکان بە تایەکانەوە دەبەستێتەوە، لە ئەگەری شکان و خوار بوون، کۆنترۆڵی سوکان لە دەست شۆفێر نامێنێت.
 
ریناتۆ سلاکوبان، ئەندازیاری میکانیکییە و دەڵێت، "ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی لێخوڕیندا تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت، بۆیە پێویستە چارەسەری رۆدی سوکانەکە بە گۆڕین بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیاببیەوە لەوەی ئۆتۆمبێلەکەت سەلامەتە لە کاتی لێخوڕیندا." 
 
هەمان مۆدێل و جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی نیسان نیازی کشانەوەیان هەیە، بێ شومارن لە هەرێمی کوردستان، هەرزانیی نرخ و تایبەتمەندییەکانی وایکردووە خواستی زۆریان لەسەر بێت.
 
سەرکار هەنارەیی، خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، "نیسان سێنترا ئێستا دەکرێ بڵێم بازاڕی لە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی دیکە خۆشترە، چونکە نرخی هەرزانە و بە 13 هەزار دۆلار تاوەکو 15 هەزار دۆلار نیسانی جوان دەکڕی، ئەگەر دوو سێ پارچەشی بۆیە بێت، هەرزانتریش دەست دەکەوێ." 
 
کڕیاری شارەکانی عێراقیش بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی دروستکراو بۆ ئەمریکا، روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە سنورەکانی باشووری کوردستان کارئاسانی زیاتر دەکەن و نزیکتریشن لە بەندەرە جیهانییەکانی ترانزێتی ئۆتۆمبێل.