نەخۆشی زیانی بە سێوەکانی بەرواری باڵا گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
سێوی بەرواری باڵا لە هەرێمی کوردستان بەناوبانگە، بەڵام ئەمساڵ نەخۆشیی تێدا بڵاوبووەتەوە و کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکە هەبووە.
بەشێکی سێوی بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک لە نێوەڕاستی تەمموز بۆ سەرەتای ئاب پێدەگات و بەشەکەی دیکەی دەکەوێتە مانگەکانی 10 و 11ـی ساڵ. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گۆڕانی کەشوهەوا بووە تەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو دارسێوەکاندا."
پێشتر بەرهەمی ساڵانەی سێوی بەرواری باڵا دەگەیشتە نزیکەی 7 هەزار تۆن، بەڵام چەند ساڵێکە بەرهەمەکەی بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە و ئەحمەد جەمیلیش کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بە سەرەکیترین هۆکار ناودەبات.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا، شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە کاریگەریی نەرێنیان هەبووە.
نەخۆشی جەرب و دروستبوونی کرم لە دارسێوەکان لە نەخۆشییە دیارەکانی بەشێکی دارسێوەکانی بەرواری باڵایە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی، ئەمڕۆ لیژنەیەکیان دەچێتە بەرواری باڵا و لە نەخۆشییەکە و هۆکارەکانی دەکۆڵنەوە.
ساڵی رابردوو بەرهەمی سێوی بەراوری باڵا لەنێوان 3 هەزار و 500 بۆ 4 هەزار تۆن بوو. ئەحمەد جەمیل گوتی، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵیش بگاتە ئاستی پار.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دهۆک، لە سەرانسەری دهۆک نزیکەی 700 هەزار داری سێو هەن و ساڵانە 20 بۆ 25 هەزار تۆن سێو بەرهەمدەهێنن.