کۆنسوڵی ئەمریکا لە پۆدکاستی رووداو: دەمانەوێ لە کەرتی کشتوکاڵدا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەین

رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت ئەوان لە هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر پرسەکانی ئاسایش، نەوت و گاز کردووە. باس لەوەش دەکات، کاریان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە. 
 
رۆژی هەینی، 21ـی تەممووزی 2023، ئێرڤین هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لە پۆدکاستی رووداو لەگەڵ رۆژ عەلی زاڵە، رۆژنامەڤانی رووداو باسی لەوە کرد کە "12 کۆمپانیای بازرگانیی ئەمریکیمان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هێناوە."
 
یەکێک لەو پرسانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگی پێدەدەن، وەکو ئێرڤین هیکس دەڵێت، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و  ئازادیی رۆژنامەگەرییە. 
 
ئێرڤین هیکس دەڵێت، ئەوان کۆمپانیایان هێناوە لە کوردستان توودڕک و بلووبێری دەچێنێت و "دەمانەوێ بازرگانانی ئەمریکا بزانن لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی کارکردن زۆرە." 
 
کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت لەو کاتەوەی هاتووەتە هەولێر کاریان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە، ئەوەش جگە لە کارکردن لەسەر پرسەکانی ئاسایش، نەوت و گاز. 
 
ئێرڤین هیکس باس لەوەش دەکات، دەیانەوێ بازرگانانی ئەمەریکا بزانن لە هەرێمی کوردستان "دەرفەتی کارکردن زۆرە" و "تۆڕی ژووری بازرگانیی ئەمریکاییمان دامەزراندووە کە ژووری بازرگانیی دهۆک، هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر لەخۆ دەگرێت." 
 
هەمەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی وەبەرهێنەرانی ئەمریکادایە، ئەوەش وەکو کۆنسوڵی ئەمریکا دەڵێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێرڤین هیکس دەڵێت، "پێویستە لە هەرێمی کوردستان گەرەنتی هەبێت کاتێک وەبەرهێنان دەکەیت لە بەرامبەردا پارەکەت وەربگریتەوە."
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی پۆدکاستی رووداو لەگەڵ ئێرڤین هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر:
  
رووداو: پرۆفایلەکەتم دەخوێندەوە نوسراوە خەریکی فێربوونی سۆرانیت. فێربوونی سۆرانییەکەت بە کوێ گەیشتووە؟  
  
ئێرڤین هیکس: سۆرانی زمانێکی زۆر جوانە. زۆر شیعرییە. پێویستی بە هەوڵ و گرنگیدانە بۆ فێربوونی. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێم کە ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەوە بووە کە لە واشنتنەوە سەرکردە باڵاکان بانگهێشت بکەین و بەم تازەییانەیش لەسەر ئامانجی بازرگانی و وەبەرهێنانە کە بە راستی کاتی زۆرم بۆی نەبوو.   
  
رووداو: باسی ئەو ئامانجە بازرگانییە دەکەین. ئێستا دەمەوێت … لام پرسیارە، دەزانم تۆ بە زمانی دیکەیش قسە دەکەیت، ئایا سۆرانی قورسە؟  
  
ئێرڤن هیکس: ئاڵۆزە، چونکە زۆربەی زمانەکان ئەگەر رۆژانە بە کاریان نەهێنیت، ئەوا بەربەستی زۆرت دێتە پێش. بەڵام من چێژ لە گفتوگۆ وەردەگرم، هەر وەک ئەوەی ئەم بەیانییە قاوەمان خواردەوە و قسەمان کرد و پێکەوە وتمان ''نۆش''. جا [سۆرانی] زمانێکی ناوازە، زمانێکی جوانە.  
  
رووداو: باسی رۆڵی خۆتم لە هەرێمی کوردستان بۆ بکە. دەزانم و لە رابردوودا ئاگاداری هەندێک کار بووم کە ئێوە و هاوکارانت کردووتانن، بەڵام بەشێک لەو کارە لەپێشترانە چین کە تۆ هاتین بۆ کوردستان بۆ شوێنی کۆنسوڵی گشتیی پێشوو؟ بەشێک لە کارە لەپێشترەکانت چین؟  
  
ئێرڤین هیکس: خۆی کاری لەپێشتری یەکەممان پشتیوانیکردنی ئاسایشی نیشتمانییمانە و کارە لەپێشینە و ئامانجەکانی باڵیۆز رۆمانۆوسکییە. جا لەو 10 مانگەی رابردوودا کە لێرە بووم، ئەوەی کردوومانە فراوانکردن و قووڵکردنی پەیوەندییەکانە لە پاڵ بابەتەکانی ئاسایش و نەوت و گازدا. ئێستایش گفتوگۆمان هەیە لەبارەی زیادکردنی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی فەرهەنگییەوە. بۆ نموونە پارەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا و دەروازەی بادینان لە ئامێدی تەرخان کردووە. هەروەها هەلم بۆ رەخسا سەردانی پەرستگەی لالش بکەم کە 2 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارمان بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخان کرد.   
  
بەڵام بەم تازەییانە ئێستا خەریکی هێنانی نوێنەرە بازرگانییەکانین بۆ ئێرە، بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و 12 کۆمپانیا هاتوون و ژمارەیەکیشیان لێرە بازرگانی دەکەن یان خەریکە بیکەن. هەروەها کاریش لەسەر کێشەی گۆڕانی کەش و هەوا دەکەین. ئیتر بەشە گشتییەکە بریتییە لە قووڵکردنەوە و فراوانکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و کارکردن لەسەر پرسی دیکەش جگە لە  ئاسایش و نەوت و گاز.  
  
رووداو: باشە، ئاماژەت بە نوێنەرانی بازرگانی دا. لە راستیدا ئەوە پرسیاری دواترم بوو. بەم دواییانە شاندێکمان بینی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. ئامانجە سەرەکییەکە چی بوو؟ کەی هەندێکی ئەنجامی کۆنکرێتی بە تایبەتی لەو سەردانەوە دەبینین؟  
  
ئێرڤین هیکس: خۆی ئامانجی سەرەکی تیشکخستنە سەر ئەوەیە کە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان گرنگی بە گەڕان بە دوای دەرفەتەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا دەدەن، نەک تەنیا لێرە، لە هەرێمی کوردستان،  بەڵکو لە هەموو عێراقدا. ئەوان لە کارەکانیان دوور کەوتوونەتەوە و کاتیان تەرخان کردووە تا بێن بۆ ئێرە بۆ ئاگاداربوون و زانینی ئەوەی کە ئاخۆ دەرفەت هەیە یان نا. بۆ نموونە، کۆمپانیایەکمان هێناوە کە لێرە لە کوردستان توودڕک و بلووبێری بەخێو دەکات. چێشتخانەیەکمان هەیە بە ناوی گرین زۆن و هاتوون بۆ ئێرە و دەیانەوێت بەهاراتەکانیان لێرە پەیدا بکەن تا لە واشنتن لە خواردنەکانیاندا بە کاریان بهێنن. تامەزرۆم کە گەڕامەوە بۆ واشنتن بچم بۆ ئەو چێشتخانەیە.   
  
هەروەها کۆمپانیامان هەیە بە دوای رێگەیەکدا دەگەڕێن کە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکەیان لە سنوور شەفافتر بێت، چونکە لێرە کار دەکەن و دەرفەتی کاریان رەخساندووە. بۆیە گرنگترین بەشی ئەم شاندە وەبەرهێنان و بازرگانییە ناردنی نیشانەیەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ کۆمەڵگەی بازرگانیی خۆمان لە ئەمریکا کە بزانن لێرە دەرفەتی زۆر هەن و لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جووڵە هەیە. بۆ نموونە،  دەستەی وەبەرهێنان کە تازەکی ئیڤێنتی "لە کوردستان وەبەرهێنان بکە"ی ساز کرد.   ئەو  ئیڤێنتە لەکاتێکدا کرا کە شاندە بازرگانییەکان لێرە بوون، ئەوە کاتێکی زۆر باش بوو. پێمان وابوو کە کاتێکی زۆر باش و شوێنێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی شاندەکەمان لەوێ بێت.  ئەمە جددیی بوونی کۆمپانیاکان نیشان دەدات. جا ئەمە یەکەم هەنگاوی ئەو شتەیە و تامەزرۆین ببێتە پرۆسەیەکی بەردەوام کە کۆمپانیاکان سەردان بکەن.  
  
رووداو: باشە، دەزانم،  رەنگە تۆزێک زوو بێت بۆ هەڵسەنگاندنی سەردانەکە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان چۆن پێشوازیی لێ کرا؟ چۆن کۆمپانیا لە ئەمریکا تێ دەگەیەنن کە لە هەرێمی کوردستان ژینگەیەک بۆ وەبەرهێنان هەیە؟
 
  
ئێرڤین هیکس: ئەو گرووپەی هاتن بۆ ئێرە، ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکایی-عێراقی، لە رێگەی ژووری بازرگانیی ئەمریکاوە هاتن. نەک تەنیا لە بەغدا، بەڵکو لێرە لە هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی دوورودرێژ هەیە.  
  
جا یەکێک لەو شتانەی لە 10 مانگی رابردوودا کردوومانە ئەوەیە کە تۆڕی ژووری بازرگانیی ئەمریکاییمان دامەزراندووە و لەگەڵ لقی کوردستانی ژووری بازرگانیی ئەمریکاییدا کار دەکەین. تۆڕێکمان دامەزراندووە کە ژووری بازرگانیی دهۆک و هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر لە خۆ دەگرێت. لە ماوەی سەردانی ئەم شاندە بازرگانییەدا، چاویان بە بازرگانان کەوت. ئێمە بۆ دەرفەتەکان تەنیا سەرنجان لەسەر هەولێر نییە وەک ناوەندێک، بەڵکو سەیری تەواوی هەرێمەکە بۆ دۆزینەوەی هەل. بەڵام ئەم گرووپە تایبەتەی هاتبوون سەرنجیان لەسەر بازرگانیی کشتوکاڵی بوو. راستییەکە ئەوەیە کە باکوور سەبەتەی خۆراکی هەموو عێراق بووە لە رابردوودا و توانایی و دەرفەت پیشان دەدات. ئەمریکایش کەرتێکی کشتوکاڵیی بەهێزی هەیە کە دەرفەت دەبێت بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ دەکرێت لە لایەنی تەکنەلۆجیا و هێنانی بەرهەم لە ئەمریکاوە ببنە هاوبەش و هەروەها بەرهەمە کشتوکاڵییە بازرگانییەکان بۆ ئەرمریکا هەناردە بکرێن.  
  
رووداو: چەمکێک کە بەردەوام دەیبیستم لەو کاتەوەی شاندەکە لێرە بوون "کێڵگە بۆ چەتاڵ" بوو. پێت وایە چ بوارێک دەرفەتی هەیە یان ژینگەکەی لەبارە بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان کە وەبەرهێنانی تێدا بکەن؟ جا دەمەوێت ئەگەر بتوانیت کەمێک زیاتر بە قووڵی باسی بکەیت کە بۆچی پێی دەگوترێت "کێڵگە بۆ چەتاڵ"؟  
  
ئێرڤین هیکس: ئەوەی گرنگە سەیری بکەیت تەواوی پرۆسەکەیە هەر لە گەشەدان بە بەرهەم بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵان، خزمەتگوزاریی ڤێتێرنەری. هەروەها کۆمپانیامان هەن سەردانی کارگەی شیریان کردووە کە ماست و پەنیر بەرهەم دەهێنن کە بواری دەرفەتی کارن. هەروەها سەردانی بەرهەمی کشتوکاڵییان کردووە کە لەوانەیش کۆمپانیای پێپسیمان لێرە هەیە کە زیاتر لە 1000 کارمەندیان لە سلێمانی هەیە، زیاتر لە 20 هەزار تۆن جپسی پەتاتە بەرهەم دەهێنن. بەڵام ئێستا دەیشیانەوێت لە بواری گەنمەشامیدا کاریان فراوان بکەن بۆ جپسی گەنمەشامیی دۆریتۆز. هەموو ئەمانە یانی دروستکردنی دەرفەتی کار،  دروستکردنی هەل،  بەرەوپێشچوون.   
ئێمە کۆمپانیایەکی بچووکترمان هەیە کە تەکنەلۆجیای ئاودێریی هەیە و ئەوە بۆ ئێرە زۆر بەسوود دەبێت. شێی هەوا دەگرێت و بەراورد بە تەکنەلۆجیا بەرزەکانی ئەو بوارە نرخەکەی کەمە، بەڵام ئەوە زۆر بۆ زۆرێک لەو جووتیارانە بەسوود دەبێت کە خەریکی کشتوکاڵی بەردەوامن. هەروەها ناوەندێکمان بەرنامەی جیهانی هەیە کە راوێژ دەدەنە حکومەتەکان لە بارەی ئەوەی چۆن ژینگەی وەبەرهێنانیان باشتر بکەن.   
  
جا کۆکردنەوەی ئەم هەموو تۆڕە پێکەوە و دروستکردنی ئەم پەیوەندییانە و بونیاتنان لەسەر پەیوەندییە دامەزراوەکان، هەموو ئەو دەرفەتانەی ئێستا بۆ بونیاتنانی داهاتوو لە لایەنی خۆشگوزەرانییەوە، ئەمانە هەنگاوێکن ''هێدی هێدی'' بەرەو بەشدارییەکی دوورودرێژ. هیوادارین وەبەرهێنانی زیاتر و هەبێت و شاندی بازرگانییش لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بچن بۆ ئەمریکا. ئێمە بە دوای هاوبەشایەتیدا دەگەڕێین، بە دوای دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی بازرگانیدا دەگەڕێین.  
  
رووداو: ماوەیەکە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دوای وەبەرهێنانی ئەمریکاییدا دەگەڕێت و ئەو ژینگەیە بۆ بازرگانیی کشتوکاڵی هەر هەبووە، بۆچی ئێستا لە لایەنی ئەمریکاوە ئەم جۆرە هەوڵ دەبینین کە با هەندێک کۆمپانیا ببەین و بزانین دەتوانن لەو هەرێمەدا چی بکەن و وەبەرهێنن؟ بەڵام پرسیارەکەی من ئەوەیە کە لە بنچینەدا چی گۆڕاوە؟  
  
ئێرڤین هیکس: خۆی لەم کەیسە دیاریکراوەدا، دەبێت پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بکەین بۆ سەرنج خستنە سەر فرەچەشنیی ئابوور، بە تایبەتی لە بواریبازرگانیی کشتوکاڵیدا. ئەوەیش لەو گفتوگۆیانەوە بوو کە زیاتر لە ساڵێ لەمەو بەر لەو بارەیەوە لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریکاییدا کردبوونی. جا ئەم جۆرە بیرۆکەیە بووە پاڵنەری شاندێکی بازرگانی بەر لەوەی  وەک کۆنسوڵی گشتی  من بێم بۆ ئێرە. بە دوای ئەوەیشدا لە لایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێشخەریی هەبووە و بە تایبەتی بانگهێشتی کردوون بۆ کەرتی تایبەت یان کەرتی تایبەتی بەهێز کردووە. جا ئێمەیش لە ئەمریکا تەکنەلۆجیامان هەیە و سەرنجی لەسەرە، چونکە ئێمە  کەرتێکی زۆر بەهێزی بازرگانیی کشتوکاڵیمان هەیە. 
 
بۆیە ئێمە ئەوەمان بینی کە رێگەیەکی گەورە هەیە بۆ لێک نزیککردنەوە و هاوبەشایەتی، ژینگەیەکی کەمەندکێش هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە لە پاڵ نەوت و گازدا پێویستی بە هەمەچەشنکردنی ئابوورییە. ئەوە بوو لە بەرژەوەندیمان بوو، هەوڵمان دا بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و رێک بەو جۆرە بوو و سەردانێکی ناوازە بوو.  
  
رووداو:  زۆر باشە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات بۆ ئاسانکاریی ژینگەی کار بە تایبەتی زیاتر بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان تا بێن و لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؟ 
  
ئێرڤین هیکس: خۆی یەکێک لەو تێبینییانەی کۆمپانیاکان کردوویانە لە بارەی پێویستیی بوونی و شەفافیەت و چۆنیەتیی کارکردنە. دەیڵێمەوە، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەم تازەکییانە ماڵپەڕی "ئینڤێست کوردستان"یان دانا. دەتوانیت هەموو شتەکان لە شوێنێکدا بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت داواکارییەکان و رێکارەکان چین. ئەگەر بە دوای وەبەرهێنانەوە بیت، یان ئێستا خەریکی وەبەرهێنانن. دووەم شتیشی ئەوەیە گەرەنتیەک هەبێت لەوەی  کاتێک وەبەرهێنان دەکەیت، ئەوا لە بەرامبەردا پارەکەت وەرگریتەوە.  
 
ئەگەر خزمەتگوزاری و بەرهەم دابین بکەیت ئەوا لە بەرامبەریاندا پارە کەت وەرگریتەوە، ئەوانە زۆر گرنگ. بەڵام لایەنێکی دیکەی کە رەنگە راستەوخۆ نەبینرابێت، گرنگیدانە بە پرسەکانی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و هەروەها ئازادیی رۆژنامەگەری.  
 
خاوەن پشکەکان و کۆمپانیاکان بە جیهاندا چاو دەگێڕن، سەیری شوێنێک دەکەن کە وەبەرهێنانەکەیانی تێدا بکەن و، کاتێک سەقامگیری هەبێت، شەفافیەت هەبێت، کاتێک پرسگەلێک هەبن بۆ چارەسەری گەندەڵی، کاتێک گەرەنتیی ئەوە هەبێت کە تۆ پارە بخەیتە وەبەرهێنانەکەتەوە لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییانەی دابینیان دەکەیت پارەت بدرێتەوە، ئەوانە وا دەکەن ژینگە بۆ خاوەنپشکەکان لەبار ببێت تا رازی ببن ملیۆنان و هەندێک جار ملیارێک دۆلار بخەنە وەبەرهێنانەوە. جا ئەوە زۆر گرنگە. بە ئەندازەی گرنگیی ئەوەیش، ئەو کۆمپانیایانەی لێرە بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوتدا کردووە ئەو پارەیە وەردەگرن لە بەرامەبەر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن. 
  
رووداو: ئەوە بە راستی سەرنجڕاکێشە. تۆ دەڵێیت  کۆمپانیا یان بازرگانەکان بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی زۆرێکەوە، لەو شوێنەی کە دەبینن ژینگەکەی بۆ وەبەرهێنان گونجاوە تەنیا خەمی پارەیان نییە، بەڵکو خەمی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەگەری و بواری دیکەیشیانە. بەڵام ئەگەر باسی پارەپێدان بکەین، پارەدان بە کۆمپانیاکان، لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای ئەمریکایی هەن وەبەرهێنانیان کردووە، بەڵام هەندێک بەربەست هەبوون. دەمەوێت بڵێم، رۆڵێکی تەواو بەرچاوم لە ئەمریکاوە نەدیوە کە ئەو کێشانە چارەسەر بکات. بۆچی ئەمریکا هەوڵ نادات تۆزێک زیاتر گوشار زیاد بکات تا وا لەم حکومەتانە بکات ئەو کێشانە چارە بکەن و کۆمپانیاکان وەبەرهێنان بکەن کە هەموومان دەتوانین سوودی لێ وەربگرین. 
  
ئێرڤین هیکس: خۆی مەرج نییە دیپلۆماسیی کاریگەر لە دەرەوە بێت، ببینرێت، سەرنجی بدرێتێ. جا هەموو ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ئێمە کێشەکان بۆ حکومەت بەرز دەکەینەوە، بە ئاگاداربوون لە کێشەکانی بودجە و، دڵخۆشین کە حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی پابەندێتییە داراییەکانی و دان بە کێشە و بەربەستەکانی بودجەدا دەنێت. بەڵام هاوکات وەک ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانەی دەکرێن، بە تایبەتی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم کۆمپانیا تایبەتانە کە ئێمە لە لای خۆمانەوە کار دەکەین بۆ ورووژاندنی ئەم پرسە و گوشار کردن. ئەوە تەنیا لەو لایەنەوە گرنگ نییە کە تەنیا پارە بدرێت بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی دابین کراون، بەڵکو کۆمپانیاکان لەنێوان خۆیاندا قسە دەکەن کە ئێمە لە پاڵ بازرگانیی کشتوکاڵیدا چاو بۆ هەمەچەشنی دەگێڕین. ئاخر کۆمپانیای دیکەیش حەز دەکەن بێن بۆ ئێرە. یەکێک لەو شتانەی ئەوان لەو کۆمپانیایانەی دەپرسن کە دامەزراون ئەوەیە پارەی گەڕاوەت لە وەبەرهێنانەکەتدا چەندە؟ ئایا پارەت دەدرێتێ؟ جا ئەوە دانی پێدا دەنرێت نەک تەنیا لە بواری ژینگەی وەبەرهێناندا لێرە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە عێراقیشدا بە گشتی. 
 
ئەگەر پارە نەدەیت، کۆمپانیاکان پارەیان نەدرێتێ، ئەوا لە وەبەرهێنان بەردەوام نابن. بۆیە دانی پێدا دەنرێت و هەنگاو بۆ پێشەوە دەنرێت، بە تایبەتی ئێستا کە رێککەوتنێک لەسەر بودجە هەیە. پێشبینی دەکەین ئەو کێشانە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا بە تایبەتی دانوستاندنیان لەسەر بکرێت، بەڵام ئەوان دەتوانن دڵنیا بن کە حکومەتی ئەمریکا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و ئێمە تەواوی دیپلۆماسیەت بە کار دەهێنین، کار لەسەر ئەم کێشانە دەکەین.  
 
  
رووداو: دەزانیت، هێشتا بیر لەو بەشە دەکەمەوە کە دەڵێیت مافەکانی مرۆڤیش کێشەیەکی کۆمپانیاکانن یان ئەوان دەیانەوێت ژینگەیەکی باشتر بۆ مافەکانی مرۆڤ ببینن. بۆچی کۆمپانیایەک کە بەرژەوەندیی لەوەدایە تەنیا کاری بازرگانی  خۆی بکات، گرنگی بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ دەدات؟  
  
ئێرڤین هیکس: خۆی ئەوەی وا لە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دەکات لە جیهاندا تەواو لە کۆمپانیای وڵاتەکانی دیکە جیاواز بن ئەوەیە کە سنوورێکی کۆتاییان هەیە، بەڵام دەیشزانن کە جۆری ژیان و هەوڵدان بۆ بەختەوەری و ژینگەیەکی سەقامگیر رێگە بۆ هەبوونی ژینگەیەکی قازانجبەخش خۆش دەکەن. جا ئەو کۆمپانیا یا وڵاتانە هەن کە بە چاوپۆشی لە مافەکانی مرۆڤ، سەرنجیان لەسەر بەس قازانجە. بەڵام مایەی سانازییە کە بڵێم ئێمە، ئەمریکا، بایەخ دەدەین بە "گرنگیی ژیان بۆ گەڕان بە دوای خۆشبەختیدا" و بەهای بۆ دادەنێین. ئەوەیش نەک تەنیا لە ئەمریکادا، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بە جیهاندا.  
  
رووداو:  کاتێک دەڵێین مافەکانی مرۆڤ، بە داخەوە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا زۆر پێناسەی جیاواز هەن. مافی مرۆڤ چییە؟ کۆمپانیاکان دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان چ پێشکەوتنێکی مافەکانی مرۆڤ  ببینن؟ 
 
ئێرڤین هیکس: با نموونەیەک بهێنمەوە لە بارەی ئەوەی کاریگەریی هەبوونی کۆمپانیاکان لە کوێدایە. لە سەردەمی ئاپارتایددا لە ئەفریقای باشوور، کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان رۆڵێکی سەرەکییان گێڕا، بۆ نموونە دڵنیاییان دا کە سیستەمی جیاکاری و نەژادپەرستی نەگاتە ناو کۆمپانیاکانیان و لەسەر بنەمای شایستەیی بوو. لەو شوێنانەی کە وەبەرهێنانی گەورەت هەیە، پێکهێنەرێکی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی هەیە کە ئەو پارەیەی لەو شوێنە دیاریکراوە یان وڵاتەدا پەیدا دەکرێت، دیسانەوە بۆ قوتابخانە و پەروەردە وەبەرهێنانی پێ دەکرێت تا لەو لایەنەوە دڵنیایی بدرێت. 
 
لێرەدایە کۆمپانیا رۆشنبیرەکان دەبینیت کە ئەو پێویستییە درک دەکەن کە سنووری کۆتایی تێناپەڕێنێت. ئەوەیش و پارەخەرجکردنەوە بۆ ئەو کۆمەڵگایانە و دڵنیابوونەوە لە هێزی کاری خوێندەوار کە دەتوانن ئەوانە بە کار بهێنن و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ژینگە زۆر گرنگە. بە تایبەتی لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوادا. بۆیە تۆ ئەو رۆشنبیرییە دەبینیت.  
 
جا زۆر شانازی دەکەم کە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان و کۆمپانیای دیکەی رۆژئاواییش، بەڵام ئەمریکاییەکان بە تایبەتی، ئەم پرسانە دەورووژێنن، چونکە ئەندامانی دەستەی کارگێڕییان، خاوەنپشکەکانیان، ئەم پرسانە دەورووژێنن کە هەر تەنیا لە بارەی قازانجەوە نییە. دەبێت هاوبەشی باش و دراوسێی باشیش بین، چونکە ئەوە هەلی وەبەرهێنانی درێژمەودا و پەیوەندی دوورودرێژ دروست دەکات لەو شوێنانەی کە دەیانەوێت وەبەرهێنانی تێدا بکەن. 
 
رووداو: دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر باسی شاندەکە، بەڵام بەر لەوە، با بەشی دووەمی پرسیاری پێشووم بپرسم کە ئەوە بوو، کاتێک لە واشنتن بووم، زۆر جار دەچووم بۆ وەزارەتی دەرەوە بۆ کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکان. جا هەموو جارێک پرسیارێکم دەپرسی ، وەڵامەکە ئەوە بوو کە ئێمە حەز بە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دەکەین لەناو عێراقێکی یەکگرتوودا. ئایا ئەو حەزە هەر وەک خۆیەتی یان ئایا بەهۆی ئەو کێشانەی لە عێراق روودەدەن جۆرێک لە شەکەتیی ئەمریکا دەبینین؟ 
   
ئێرڤین هیکس: بە هیچ شێوەیەک. لە راستیدا هەر ئەم هەفتەیە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەمان راگەیەنراوێکی هەبوو هەمان شتی دەگوت. ئەوە نەگۆڕاوە. لە راستیدا پەیوەندییەکە بە بەهیزی دەمێنێتەوە. وەک ئاماژەم پێ دا، سەردانە فەرمییەکان زیاد دەکەن و بە لای کەمەوە لە هەفتەکانی داهاتوودا شاندی کۆنگرێس و نوێنەری بالای یو ئێس ئەی ئای دی سەردان دەکەن. چەند هەفتەیەک لەمەو پێش بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن لێرە بوو. یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و باڵیۆزمان لێرە بوون و چاویان بە بەرپرسانی باڵا کەوت لێرە. ئەوەیش بۆ کۆنسوڵخانە دەڵێم کە بەرپرسانی باڵای واشنتن سەردان دەکەن. ئەوەیش زۆر بەهێزە. جا ئێستا بازرگانی و وەبەرهێنانمان هەیە و ئەوەیش بەشێکە لەو پێشوازییەی بۆ سەردانەکانی دەیانکەین. دەبینم کە ئەوە پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوامە. 
   
رووداو:  با بگەڕێینەوە لای شاندەکە. چ کەرتێکی دیکە بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان هەیە کە سەیریان بکەن، بە تایبەتی هۆکاری ئەوەی ئەم پرسیارە دەپرسم لە بارەی وزەی نوێبووەوەوەیە. کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لە لایەنی وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوەدا دەتوانن چی بکەن؟ 
   
ئێرڤین هیکس: خۆی هەندێک لەو شتانەی تا ئێستا کردوومانن ئەوەیە کۆمپانیای وزەی تیشکی خۆر هەن کە لێرە پەیوەندییان هەیە، لە نموونەی بێرگەر کینگ کە بە تەواوەتی بە وزەی خۆر بەڕێوە دەچێت. ئینجا هەروەها ئامێری بارگاویکەرەوە هەیە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی، وەک بزانم تاکە دانەیە لە عێراقدا. ئێمە سەیری کێشەکانی ئاگرکەوتنەوە دەکەین و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین کە ملیۆنان دۆلار زیانی هەیە و کەشوهەوایش پیس دەکات. هەروەها وزەی نوێبووەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاویش. ئێمە لە مانگی ئابدا میواداریی 25 عێراقی دەکەین کە حەوتیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن کە لە مانگی هەشت  دەچن بۆ ئەمریکا تا لە بارەی بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاوەوە فێر ببن. پێم وا بێت کۆلۆرادۆ یەکێک دەبێت لەو سێ شوێنەی بۆی دەچن.  
 
ئەمە دەبێتە هەنگاوەکانی سەرەتای ئەو پەیوەندییە. رۆمانۆوسکیی باڵیۆزمان پرسەکانی راکێشانی کۆمپانیا سەوزەکانی لە پێشەوەی کارەکانی داناوە کە بێن بۆ عێراق و تەکنەلۆجیا بهێنن، ئاشنایەتی بە باشترین شێوازی بەکارهێنانی  وزە نوێبووەوە و ، هەروەها پاراستنی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوایش لەگەڵ خۆیان بێنن. 
 
بەم دواییانەیش چاومان بە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوت و ئاماژەی بەوە دا کە پلانی ستراتیژی دەردەچێت و تیشک دەخاتە سەر   باڵاترین ئەو  نیگەرانییانەی کە حکومەت  لەسەر کەشوهەوا هەیەتی  ، با بزانین چۆن. ئینجا هەندێک ئەندامی کۆمەڵگەی کۆنسوڵخانەیش لەوێ بوون. بۆیە ئێمە دەتوانین بیبەینەوە بۆ حکومەتەکەمان تا بزانین لە کوێدا دەتوانین هاوکاری بکەین. 
 
رووداو:  ئەو شاندەی لێرە بوون، دەزانم کە چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ کرا تا بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکرێن. ئایا سەردانەکە تەنیا گەشتێکی بازرگانی بوو کە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان سەیری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن و بازرگانە کورد و عێراقییەکان ببەن بۆ ئەمریکا یان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیامێکی سیاسی لە گەشتەکەدا هەبوو؟ 
   
ئێرڤین هیکس: پەیامێکی سیاسی نەبوو لە راستیدا،  بەڵام ئێمە وەک حکومەتی ئەمریکا ناتوانین زۆر لە کۆمپانیا ئەمریکاییە تایبەت و گشتییەکان بکەین کە لە کوێ وەبەرهێنان بکەن. ئەوەی دەتوانین بیکەین ئاسانکارییە کاتێک بەرژەوەندی هەبێت. بۆیە دەڵێم، پەیامێکی سیاسی نەبوو، پەیامێکی بازرگانی بوو. رکابەری بۆ وەبەرهێنانی ئەمریکایی ململانییەکی بەهێزە، چونکە هەر تەنیا رۆژهەڵاتی ناوەراست نییە، سەرانسەری جیهانە. بۆیە کاتێک 12 کۆمپانیا دەهێنیت و کاری بازرگانییەکەیان دەگریت تا بێن و سێ رۆژ بەسەر ببەن تا بزانن و بۆیان دەربکەوێت دەبێت لەلایەن حکومەتەوە چی کراوە تا ببێتە جێیەکی سەرنجراکێش بۆ وەبەرهێنان، شتێکی زۆر گرنگە. هەروەها کاتێک دەگەڕێنەوە قسە بۆ کۆمپانیاکانی دیکە دەکەن.  
 
پێشتریش ئاماژەم پێ دا، ئێمە لە پاڵ بازرگانییە کشتوکاڵییەکەماندا سەیری هەمەچەشنی دەکەین، بەڵام ئەوە دەستپێکێکی زۆر گرنگە، چونکە ئەوە لە لایەنی هەمەچەشنکردنی ئابوورییەوە بۆ حکومەت کاری لەپێشینەیە. بۆیە ئارەزوو دەکەین ببینە هاوبەش، بەڵام بواری دیکەیش دەبن، بە تایبەتی لە پرسەکانی تەکنەلۆجیای سەوز و کێشەی کەشوهەوادا کە ئێمە تێیاندا زۆر بەهێزین.  
   
رووداو:  پێم وایە کاتم بۆ یەک پرسیار ماوە. من هاوڕێیەتیی شاندێکی کوردیم کرد کە لە دهۆکەوە هاتبوون بۆ فلۆریدا، گەینزڤیل بەدیاریکراوی. سەردانی چەند زانکۆیەکمان کرد. جا زانکۆکان ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەیان لەسەر بازرگانیی کشتوکاڵی و کشتوکاڵ بە گشتی دەکرد. هەندێک لەو شتانەی لەوێ فیر بووم و پرۆفیسۆرەکانیش حەزیان لێیان بوو، لەو شتانە بوون کە هەرێمی کوردستان کەشوهەوایەکی زۆر جیاوازی هەیە و زۆر لە کەشوهەوای فلۆریدا جیاوازە، بۆیە رەنگە بتوانین هەندێک لەو توێژینەوانەی کە لێرە دەیانکەین، رەنگە بتوانین لە هەرێمی کوردستان بکەین،  کە کەشوهەواکەی جیاوازە، زیاتر لە بارەی بەروبوومەکانەوە فێر ببین و شتی لەو جۆرە. جا هۆکاری ئەوەی ئەمانە باس دەکەم ئەوەیە کە لەوێ چ دەرفەتێک بۆ بازرگانیی کوردی هەیە؟ رەنگە رۆژێک لە رۆژان بتوانن بۆ ئەمریکا هەناردە بکەن. یان هەندێک لەو شتانە چین کە ... نەک لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەڵکو رەنگە لە داهاتوویەکی دووردا ... کە کۆمپانیا کوردییەکان بتوانن کاری لەسەر بکەن بۆ بازاڕی ئەمریکا؟ 
   
ئێرڤین هیکس: یەکێک لە ئەندامانی شاندە بازرگانییەکە لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا بوو. تیمەکە بنکەیان لە قاهیرەیە. ئەوەی یارمەتیدەر و گرنگ بوو لەو سەردانەدا ئەوە بوو کە تیشک خرایە سەر ئەوەی پێویستییەکانمان بۆ هەناردەکردن چین تا بەرهەمی خۆراکی بۆ ئەمریکا بنێرین. جا ئەوە دەستپێکی یەکەمە و دەزانین کە ئاشکرایە ئێمە ستانداردێکی زۆر بەرزمان هەیە و پاشان بە دیهێنانی ئەو داواکارییانە دێت و ئینجا پەیوەندی دروست دەکرێت بۆ ئەگەری هەناردەکردنی بەرهەمێکی دیاریکراو.  
 
جا ئێمە ریستۆرانتێکێک هەیە بە ناوی گرین زۆن ، کە ئارەزووی هاوردەکردنیان هەیە،  گرنگی دەدات بە هاوردەکردنی بەرهەم لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێستوورانتەکەی خۆیان. بەڵام لەوێ کوالیتی کۆنترۆڵێکی تەواوەتی بۆ بەرهەمەکان و گواستنەوە و هەناردەکردن  هەیە و هەموویان وردەکاریی زۆر گرنگیان هەیە کە دەبێت لێیان تێ بگەین. 
 
لەبارەی پرسی زانکۆکانەوە، بەم دواییانە چاوم بە سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکی و وەزیری خوێندنی باڵا کەوت. جا ئەوەی بە ئێمەیان راگەیاند ئەوەیە کە حەز دەکەن سەرنجیان لە وانەگوتنەوەوە بۆ سەر توێژینەوە فراوان بکەن. بۆیە ئێمە دەرفەتەکان دەرەخسێنین تا ئەم زانکۆیان ەبە زانکۆ ئەمریکاییەکان بناسێنین، بە تایبەتی سەرنج دەخەینە سەر ناوچەکانی تێنیسی، لەبەر پەیوەندیی دەستەخوشکیی تازەی نێوان هەولێر و ناشڤیل، بەڵام ئەوە خاڵی دەستپێکە. گەینزڤیڵ پەیوەندیی لەگەڵ دهۆکدا هەیە. دەیشزانم لە سلێمانی حەز بۆ پەیوەندیی دەستەخوشکی هەیە. بۆیە ئەوە شتێکە کە لە مانگەکان و ساڵانی داهاتوودا سەرنجی دەخەینە سەر.