لە پشدەر بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ هەینی بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەجۆری پێکدادان لە گوندی نورەدینی سەر بە قەزای پشدەر شۆفێرێک گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 21ـی تەممووزی 2023، عەلی عەبدوڵڵا گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە کاژێر 5:00ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی روویداوە. لەئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، "هۆکاری رووداوەکەش بەهۆی پابەندنەبوون بەرێنماییەکانی هاتووچۆ بووە."
رووداوەکە لە نێوان ماتۆڕسکلیلێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری ئۆپڵ روویداوە و بەهۆیەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستداوە.
لەماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لەسنوری ئیدارەی راپەڕین دووکەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023 لە گوندی بێکڵۆی سەر بە ناحیەی هێرۆ لە قەزای پشدەر، بەهۆی وەرگەرانی ماتۆڕسکیلێکی سێ تەگەری کەسێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکە برینداربوون کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن کە باوک، دوو کوڕ و کچێک بوون و یەکێک لە کوڕەکان بە ناوی یووسف عەبدولقادر، تەمەن 17 ساڵ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.