لە حەوت مانگدا نۆ کەس لە سنووری زاخۆ خنکاون، زۆربەیان لەخوار تەمەنی 25 ساڵییەوە بوون

رووداو دیجیتاڵ

چەندین گەنج لەسەر پردێک لە سنووری نێوان دهۆک و قەزای باتیفا وەستاون و هەریەکەیان بەجۆرێک خۆی فڕێدەداتە ئەو رووبارەی پردەکە لەسەری دروستکراوە. پردەکە بەرزە و لە خوارەوەش رووبارەکە قوڵە و شەپۆلەکانی خێران، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ تابلۆیەکی هۆشیارکردنەوە لەنزیک پردەکە و رووبارەکەش نابینرێن. 
 
کۆمەڵێک گەنج کە لە بەروارییەوە سەردانی ناوچەکەیان کردووە، باس لەوە دەکەن هیچ رێنماییەکیان بۆ خۆفڕێدانە نێو ئاو لە نزیک پرد و رووبارەکە نەبینیوە.
 
ژیوار عەبدولکەریم، مامۆستایە و بە گەشت هاتووەتە ناوچەکە، دەڵێ "کاتێک بە گەشت دێیتە لای ئەو رووبارانە، ئەو تابلۆیانەی رێنماییان لەسەرە، لێرە نابینرێن، بۆیە رۆژانە کارەساتی دڵتەزێن دەبینین، ئەمەش بۆ لایەنی بەرپرس و گەشتوگوزار دەگەڕێتەوە. بەڕاستی ئەو تابلۆیانەی ئاستی ئاو دیاریدەکەن، زۆر بە کەمی دەبینرێن".
 
ئەو پردە لە سەرەوەی تاوەکو دەگاتە رووی ئاوەکە بەرزییەکەی 15 بۆ 18 مەترە، بەردەوام گەنجان لە سەرییەوە خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە.
 
یەکێک لەو گەنجانەی تاوەکو ئەوکاتەی قسەی بۆ رووداو کرد، لە یەک رۆژدا پنجەم جاری بوو خۆی هەڵبداتە نێو ئاوەکە، ناوی مەتین گولییە، دەڵێ "دەبێت شارەزای ئاوەکە بی، لە مانگی ئابدا بنەوەی رووبارەکە دەبینی، دەبێت مرۆڤ بەجەرگ بێت"، باس لە مەترسییەکانیش دەکات و، دەڵێ "زۆرجار بووە (ئەو کەسانەی خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە لە مانگی ئابدا) سەریان دەشکێت".
 
بە دەیان خێزان بۆ خۆفێنککردنەوە روودەکەنە رووباری خابوور، کەسانی بەتەمەنی وەک مام سوبحی، ئەوەندەی لە خەمی ئاگاداربوونن لە نەوە و منداڵەکانیان، ئەوەندە کاتی خۆش تایبەت بە خۆیان بەسەر نابەن. مام سوبحی دەڵێ "یان مەیەن، یان ئەگەر هاتن ئاگاداری منداڵەکانی خۆتان بن".
 
لە دەستپێکی ئەمساڵەوە (2023)، نۆ کەس لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئاودا خنکاون. رائید جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێ "بۆ کەمبوونەوەی ئەو رووداوانە، دەبێت هەموو رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێ بکرێن".
 
لە دهۆک و ئامێدی و ئاکرێش، لە تەنیا حەوت هەفتەی رابردوودا هەشت کەس لە ئاودا خنکاون، بەگوێرەی ئامارەکان، زۆربەی ئەوانەی لە ئاودا خنکاون، تەمەنیان لە خوار 25 ساڵییەوە بووە.