قایمقامی دەربەندیخان: 10 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵاوگەی ئاوی شارەکە تەرخانکراوە


رادیۆ دیجیتاڵ

قایمقامی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی قەزاکە تەرخانکراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆمپانیای جێبەجیکاری پڕۆژەکە دەست بە کارکردن بکاتەوە و تاوەکو تەواوکردنی پڕۆژەکە، کارکردن تێیدا نەوەستێت. 

سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە رادیۆی رووداوی گوت، "لەدوای خۆپێشاندانەکانی شوباتی ئەمساڵەوە، لەگەڵ کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نووسینگەکەی چەندین جار کۆبووینەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپێشاندەران. دوای ئەوەی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان تەرخانکرد، دوێنێ هەردوو کۆمپانیای جێبەجێکار و راسپێردراوی پڕۆژەکە راسپێردران بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە."
 
پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان لە ساڵی 2013 بە گوژمەی 19 ملیۆن دۆلار بەردی بناخەی دانرا، تائێستا چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجکراوە و بەو بودجەیە 55٪ـی کارەکانیان تەواوکردووە. قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، بەو پارەیەی کە تەرخانکراوە، بڕیار وایە کۆمپانیاکە هەموو کارەکانی جێبەجێ بکات.
 
بەگوتەی سلێمان محەممەد، لە خۆپێشاندانەکانی شوباتی ئەمساڵدا، دانیشتووانی شارەکە و نوێنەرانی خۆپێشاندەران نزیکەی هەزار واژۆیان پێشکێش بە حکومەت کردووە بۆئەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە دەربەندیخان زیاد بکرێت و وەزارەتی شارەوانیش بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کرێی ئاوی هاونیشتمانییانی شارەکە دەربکات، بەڵام هەردوو وەزارەتی کارەبا و شارەوانی تائێستا هیچ وەڵامێکیان بۆ داواکاریی هاونیشتمانییانی شارەکە نەبووە. 
 
پڕۆژەی رێگەی کەلار-دەربەندیخان و دەربەندیخان- زەڕایەن، لە ساڵی 2012ـەوە بەردی بناخەی دانراوە و تاوەکو ئێستا چەندین جار بەهۆی خەرجنەکردنی بودجە بۆی، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە کارکردنی راگرتووە.
 
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، لە پڕۆژەی رێگەی کەلار-دەربەندیخان هێشتا کارکردن تێیدا نەوەستاوە، بەڵام بە سستی بەڕێوەدەچێت، گرفتەکە لە رێگەی دەربەندیخان-زەڕایەنە بەهۆی ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە کۆمپانیایەکی ئێرانی بووە و کەمتەرخەمبووە و پڕۆژەکەی جێهیشتووە، بۆیە "ئێستا کار لەسەر رێگەیەکی جێگرەوە دەکەین کە ئەویش رێگەی دەربەندیخان-ناوتاق-زەڕایەن کە بڕی نزیکەی حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە."
 
گوتیشی، "شارەوانیی دەربەندیخان پلە یەکە، بەڵام بودجەکەی بەشی ناحیەیەکیش ناکات، بەهۆی ئەوەی قەزای دەربەندیخان هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نییە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڕیاریداوە بە تەرخانکردنی بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی جووتسایدی نێو دەربەندیخان و لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت."
 
لەبارەی گرفتی ئاو لە قەزای دەربەندیخان، قایمقامی شارەکە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو گەڕەکانەی کە گرفتی پێنەگەیشتنی ئاویان هەیە، ئێستا بەگوێرەی تەندەرێک کە بڕەکەی 500 ملیۆن دینارە، بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت و چاوەڕێین تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی بدرێت."