رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی میوانخانە و خواردنگەکانی شاری ئامەد دەڵێت، لە رۆژانی جەژنی قورباندا 15 تۆن جگەر لەو شارەی باکووری کوردستان خوراوە.
رەمزی دۆستدۆغرو، ئەندامی دەستەی میوانخانە و خواردنگەکانی ئامەد رایگەیاند، نزیکەی 500 جگەرفرۆش لەو شارەی باکووری کوردستان هەن و وەک نەریتێك، لە رۆژی یەکەمی جەژندا زۆربەیان پشوو دەبن، رۆژانی دواتر کراوە دەبن.
ئامەدی باکووری کوردستان کە بە تام و چێژی تایبەتی جگەرەکەی ناسراوە. رەمزی دۆستدۆغرو وەک کەبابچییەک کە هاوکات ئەندامی دەستەی میوانخانە و خواردنگەکانی ئامەدی باکووری کوردستانە، بە میدیای تورکیای راگەیاند، لە سێ رۆژی جەژنی قورباندا، 15 تۆن جگەر خوراوە.
بە گوتەی دۆستدۆغرو لە ئامەد بە فرۆشیارە گەڕۆکەکانیشەوە 500 جگەرفرۆش هەن. گەشتیارانی نێوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان هەمیشە بۆ خواردنی جگەر روو لە ئامەد دەکەن. گەشتیارانی بیانیش بەهۆی ناوبانگییەوە، جگەری ئامەد تاقی دەکەنەوە و چێژی لێوەردەگرن.
ئەو ئەندامەی دەستەی میوانخانە و خواردنگەکانی ئامەد ئاماژەی بەوە کرد لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا کە پلەی گەرمای ئامەد لە نێوان 16-17 پلەی سەدی بوو، نزیکەی 11 تۆن جگەر لە شیش دران، ئێستا کە پلەی گەرمای ئەم شارە لە نێوان 40-42 پلەیە، بەڵام خواردنی جگە زیادی کردووە.
رەمزی دۆستدۆغرو، کە 25 ساڵە جگەر دەفرۆشێت باسی لەوەشکرد، تەنیا جگەری بەرخ پێشکێشی میوان و کڕیارەکانی دەکات و بەهاراتی تایبەت بەکاردەهێنن.
نرخی یەک کیلۆ جگەری بەرخ 600 لیرە (نزیکەی 24 هەزار دینار) و نرخی یەک نەفەر جگەریش لە خواردنگەکان بە تێکڕا 300 لیرەیە (نزیکەی 12 هەزار دینار).
جگەری ئامەد، بە فەرمیی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە وەک براندێک بەناوی ئامەد تۆمارکراوە و وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا لە بەرنامەی ساڵانەی راکێشانی سەرنجی گەشتیارانی بیانیی، رێکلام بۆ جگەری ئامەد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ