رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامهی فەرماندەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان لهگەڵ سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024 ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل، ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی بڵاوکردەوە کە رۆژی 18ی حوزەیران لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چیای ئاگری لە باکووری کوردستان گیانی لەدەستدابوو.
هەپەگە دەڵێت، ئەو فەرماندەیەی ناوی یڵماز ئۆنەرە، ناسراو بە شەهمووس میلازگیر و لەدایکبووی مووشی باکووری کوردستان بوو، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆدا لەگەڵ هێزەکانی تورکیا گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی هەپەگە، شەهمووس میلازگیر ساڵی 1992 پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە و لە قەندیل و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بەرپرسی هێزە تایبەتەکان بووە.
چەند هەفتەیەکە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیاد کردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکان رادەگەیێندرێت.
رۆژی 10ی مانگ، هەپەگە کوژرانی سێ گوندپارێز و دوو جەندرمەی لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان راگەیاند.
رۆژی 17ی مانگیش عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، ئۆپەراسیۆنێک لە ئێلیهـ و ئاگری بەڕێوەچووە، کە دوو رۆژی خایاندووە و پێنج گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ