فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا ناوچەیەکی شوێنەواری لە قەزای ئامێدی نۆژەندەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا پرۆژەیەکیان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک هەیە، لە ماوەی رابردوودا کۆنسوڵی فەرەنسا و شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا دووجار سەردانی شوێنەوارەکانی ئامێدیان کردووە. بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە ناوچە شوێنەوارییەکانی بە بەرپرسانی شوێنەواری شارەکە داوە.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند: دەڤەری ئامێدی یەکێکە لە دەڤەرە هەر زەنگینەکان بە شوێنەوار، گەلێک لە شوێنەوارەکان ئەو دەڤەرە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
لە ماوەی رابردوودا وڵاتی فەرەنسا لە رێگەی کۆنسوڵخانەکەیان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی چەند ناوچەیەکی شوێنەوارییان لە سنووری قەزای ئامێدی کردبوو. بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەکیان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی قەزای ئامێدی ئامادەکردووە.
لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، بە رووداوی گوت: "لەبەر ئەوەی سنووری پارێزگای دهۆک بە گشتی ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە ناوچەی شوێنەواری، بە تایبەت دەڤەری ئامێدی کە خاوەنی چەندین ناوچەی شوێنەواری مێژووییە، پێشتر کۆنسوڵی گشتی فەرەنسا بە یاوەری شاندێکی لەگەڵ رێکخراو ئەلیف کە رێکخراوێکی تایبەتمەندە بە نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان، سەردانی یەکێک لە ناوچە شوێنەوارییەکانیان لە سنووری قەزای ئامێدی کرد، کە خوێندنگەی (قوبەهانە) بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی ئەو خوێندنەگەیان پێداین و چەندین وێنەشیان لەسەر خوێندگەکە لە ئێمە وەرگرت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، دوای تاوتوێکردنی ئەو بابەتە لەگەڵ شارەزایانی بواری شوێنەواری و رێکخراوی ئەلیف، بێن خوێندنگاکە نۆژەن بکەنەوە".