سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە و گەیشتووەتە عەلووەکان
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە هێشتا لە وەرزی بەهارداین، بەڵام بەشێکی بەرهەمە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هاوینە ناسراون پێگەیشتوون و لە بازاڕەکان دەستدەکەون.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی هاوین و گەرما، بەرهەمی زیاتری نێوخۆ پێدەگەن؛ ئێستا خەیار، کوولەکە، پەتاتە، پاقلە و فاسۆلیای هەرێمی کوردستان لە عەلوەکاندا دەفرۆشرێن، هەروەها شووتی نێوخۆی عێراق پێگەییشتووە.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵیی لە هەولێر ئەمڕۆ (سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تەماتەی نێوخۆش پێگەیشتووە، بەڵام سەرەتایە و بڕەکەی کەمە؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا شووتی نێوخۆ پێدەگات، کە گۆڕانی هەوا پێگەیشتنی دواخست."
ئێستا باج خراوەتە سەر هاوردەکردنی شووتی و تەماتە، بە ئامانجی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ و ساخکردنەوەی لە بازاڕەکاندا.
بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵیی لە هەولێر دەڵێت، خەیار، کوولەکە، پەتاتە، پاقلە و فاسۆلیای نێوخۆ زیاترە لە پێداویستی بازاڕ و، رۆژانە نزیکەی 100 بارهەڵگری لە هەولێرەوە دەنێرنە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
ئەو تەماتەی ئێستا لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت زۆرینەی عێراقییە، هەرچەندە دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی هەیە، بەڵام هۆشیار جەلیل گوتی "نرخ بەرز نەبووەتەوە، ئێستاش لە عەلوە کیلۆی لەنێوان 450 بۆ 800 دیناردایە."
وەرزی هاوین وەرزی زێڕینی پێگەیشتنی سەوزە و میوەی نێوخۆی کوردستانە، لەو وەرزەدا زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی لەنێوخۆ بەرهەم دەهێندرێن هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت یان باجی زۆری دەخرێتەسەر.