گازی کلۆر لە پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ دەچێت و داوا دەکرێت خەڵک لێی نزیک نەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لێچوونی گازی کلۆر، داوا لە هاونیشتمانیان دەکرێت نزیکی پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ نەبنەوە. بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، تیم لە هەولێر و سلێمانییەوە نێردراونەتە سەر پڕۆژەکە.
 
پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ سەرچاوەی ئاوی زیاتر لە 100 هەزار کەسی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، تانکی بووتڵێکی کلۆر لە پڕۆژەکە کلۆری لێدەچێت، بەهۆیەوە بۆنێکی ناخۆش و ناتەندروستی لە دەوروبەری پڕۆژەکە بڵاوکردووەتەوە.
 
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین ئەمڕۆ (سێشەممە 21ـی ئایار) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "داوا دەکەین بۆ پاراستنی تەندروستییان، هیچ هاونیشتمانییەک نزیکی پڕۆژەکە نەبێتەوە، تاوەکو بوتڵی کلۆرەکە بەتاڵ دەبێتەوە و فڕێ دەدرێت." 
 
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین گوتی، باشتر بووە بوتڵی کلۆرەکە لە شوێنی چۆڵ بەتاڵ بکەنەوە، بەڵام بەهۆی چڕیی دانیشتووان و ئاوەدانیی لە سنوورەکە، بڕیاریانداوە لە جێگەی خۆیدا بەتاڵی بکەنەوە.
 
تیمی تەکنیکی لە هەولێر و سلێمانییەوە رەوانەی پڕۆژەی ئاوی خاس کراون. سەلام عومەر دەڵێت "پێشبینی دەکەم تاوەکو سبەی، بوتڵەکە بەتاڵ بێت و کێشەکەمان چارەسەر ببێت." 
 
لەبارەی دابەشکردنی ئاویشەوە، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین گوتی، دابەشکردنیان رانەگرتووە و بەردەوامیش دەبن.
 
3ـی ئەم مانگە لە هەمان پڕۆژە، بەهۆی لێچوونی گاز لە بووتڵێکی کلۆر، هاووڵاتییەک بە ناوی عەبدوڵڵا بابەکر، تەمەن 53 ساڵ کە پۆلیس بوو، گیانی لەدەستدا.
 
پڕۆژەی ئاوی خاس  سەرچاوەکەی ئاوی زێی بچووکە، رۆژانە لە کاژێرێکدا دوو هەزار و 700 مەترسێجا ئاو بۆ هاونیشتمانییانی قەڵادزێ و دەوروبەری بەردەداتەوە.