لەگەڵ رەنج؛ 'مامەڵەکردن بە دۆسیەی ئاو لە هەرێمی کوردستان زانستی نییە'
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەشت بەنداو لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە نێوان 45٪ بۆ 90٪یان تەواوبوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە کارکردن لە بەشێکیاندا وەستاوە. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی وەزیران 13 ملیار دیناری بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو بەنداوانە تەرخانکردووە.
وەک راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران دەڵێت، بەشێک لە بەڵێندەرەکان ئامادە نین کارەکانیان دەستپێبکەنەوە و پێیوایە، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی نێو حکومەت "کەمتەرخەم بوون" لە بەرامبەر پرۆژەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە 21-05-2023، بەرنامەی رەنج بە میوانداری رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان؛ د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و زۆزان کۆچەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق تیشکیان خستەسەر سامانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و پلان و ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی.
دروستکردنی بەنداو
رەحمان خانی ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس دەستیکرد بە دروستکردنی چەند پڕۆژەیەکی ئاو و بەنداو، بەڵام دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و بەهۆی شەڕی داعشەوە پرۆژەکان وەستان و تاوەکو ئێستا بەشێکی ئەو پرۆژانە بە نیوەچڵی ماونەتەوە و هەندێک پرۆژەش کە لە کارکردندان بەهۆی بێپارەیی خەریکە دەوەستن.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ئەگەر ساڵێک بودجە بۆ کارکردن لە بەنداوێک خەرج بکەیت و ساڵی داهاتوو بیوەستێنی، ئەو خەرجییەی ساڵی یەکەمیش کردووتە بەفیڕۆ دەچێت.
حکومەتی عێراق لە پلانی ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بڕیاری دروستکردنی چوار بەنداوی گەورەی داوە کە سێ لەو بەنداوانە دەکەونە هەرێمی کوردستان کە یەکەمیان بەنداوی باکرمانە لە دهۆک کە توانای گلدانەوەی 490 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت، دوومیان بەنداوی مەنداوەیە لەسەر زێی گەورە و وەکو رەحمان خانی ئاماژەی پێدەدات، "تاوەکو ئێستا کێشەی لەسەرە و بەغدا داوا دەکات لانیکەم گلدانەوەی ئاوی ئەو بەنداوە یەک ملیار مەتر سێجا بێت، بەڵام دیزاینەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گلدانەوەی 330 ملیۆن مەتر سێجا ئاوە" و سێیەم بەنداویش بەڵگەیە کە دەکەوێتە ناوچەی پشدەر و لەسەر زێی بچوک دروستدەکرێت.
دروستکردنی ئەو بەنداوانە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاووڵاتییان بکەونە ژێر ئاو و بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی، سەرجەم ئەو زەوییانەی دەکەونە ژێر ئەو بەنداوانەی حکومەتی عێراق دروستیان دەکات، لەلایەن بەغداوە قەرەبوو دەکرێنەوە.
کارکردن لە بەشێک لە بەنداوەکان وەستاوە
لە هەرێمی کوردستان 11 بەنداو هەن کە سێ بەنداوی بچووکیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروستکراون و ساڵی 2022 چوار بەنداوی دیکە تەواوکراوە و ئەمساڵ هەرسێکیان نزیکەی 28 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان گلدایەوە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خەریکە وردە وردە ئەو بەنداوانەی دیکەش کە کاریان تێدا دەکرێت، دەوەستن. چونکە نەتوانراوە وەکو پێویست بودجەیان بۆ دابینبکرێت.
رەحمان خانی ئاماژە بە ژمارەیەک بەنداو دەدات کە بەهۆی پارەیەکی کەمەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە و دەشڵێت، "بەنداوی خۆرنەوەزان کە لەسەر ئاوەسپی دروستکراوە لەسەر 500 ملیۆن دینار پەکی کەوتووە، ئەگەر بەنداوەکە تەواوبێت، نزیکەی نۆ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، هاوکات بەنداوی بانی و تاڵەبان لە کۆیە لەسەر 800 ملیۆن دینار پەکیکەوتووە و بەنداوێکیشمان هەیە لە نزیک دووکان کە 80٪ی تەواوبووە و پێویستی بە دوو ملیار دینار هەیە بۆ ئەوەی بکەوێتە کار."
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەو بەنداوانەی لە پارێزگای سلێمانین، لەبەر ئەوە نەوەستاون کە پارەیان بۆ تەرخان نەکراوە، بەڵکو وەستانیان لەبەر ئەوەیە کە پارەی کاش لە بانکەکان نییە تاوەکو بەڵێندەر بچێت و وەریبگرێت؛ ئێستا نزیکەی هەشت بەنداو لە هەرێمی کوردستان بەهۆی خەرجنەکردنی پارە کارکردنیان تێدا وەستاوە.
"بە 100 ملیار دینار سەرجەم بەنداوەکان تەواو دەبن"
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ تەواوکردنی کۆی ئەو بەنداوانەی لە هەرێمی کوردستان لەژێر دروستکردندان، چ ئەوانەی کاریان تێدا دەکرێت و چ ئەوانەش کە کارکردن تێیاندا وەستاوە، بە 100 ملیار دینار تەواو دەبن.
هاوکات بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، حکومەت 13 ملیار دیناری بۆ بەنداوەکان تەرخانکرد و بەسەر هەشت بەنداوەکەیدا دابەشکرد، دەبوایە ئێستا هەندێکیان کارەکانیان تەواوبووبا، بەڵام بەشێک لە بەڵێندەرەکان ناچنە سەر کارەکانیان، بۆ نموونە بەنداوی دهۆک بە هەموو لایەنەکانەوە لەگەڵی لەسەر هێڵبووین بەڵام بیانووی ئەوە دەهێنێتەوە کە دۆلار گرانبووە و ئەگەر دەستبەکاربێتەوە، زیانی پێدەگات
د. بێوار خنسی گوتی: خەمساردی لە هەموو لایەکمان بووە، لەوەی دەمانتوانی باشتر چاودێریی بەنداوەکان بکەین و لانیکەم بەگوێرەی ئەو پارەیەی بۆی تەرخانکراوە دەبوایە کاریان تێدا کرابا.
"هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوایە"
د. عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ساڵانە بە تێکڕا 170 ملیم بارانبارین کەمدەکات، بۆیە دەبێت پلانی ورد دابڕێژین بۆ ئەوەی زیاتر کار لەسەر گلدانەوە ئاو بکەین، لەبەر ئەوەی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدان.
بە گوتەی د. عەلی رەشید، "ناوچەی ئێمە بە عێراق و سووریا و بەشێک لە ئێرانیشەوە، لەژێر مەترسییەکی گەورەی گۆڕانکاریی کەشوهەوادایە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەو ئاوەی هەمانە بەشی خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی دەکات بەڵام ئەو رێژە ئاوە بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت و بەهۆی دروستنەکردنی بەنداو و ئیدارەدانی رێکوپێک، نەمانتوانیوە ئەو هاوسەنگییە دروستبکەین."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتیشی، تاوەکو ئێستا ئەو مامەڵەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاو کردوویەتی، پلانی ساڵانە بووە، بەڵام پلاندانان بۆ ئیدارەدانی ئاو درێژخایەنە و دەبێت لانیکەم پلانی پێنج ساڵەت هەبێت.
"ساڵانە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو دێتە هەرێمی کوردستانەوە"
د. بێوار خنسی پێیوایە، قەبارەی ئەو ئاوەی لە دەرەوە لە رێگەی رووبارەکانەوە دەڕژێتە هەرێمی کوردستان 10 ملیار مەتری سێجایە، ئەگەر ئەو ئاوە دابەش بکەیتە سەر ژمارەی دانیشتووان هەریەکە و دوو هەزار مەتر سێجای بەردەکەوێت کە رێژەی ستاندەر بۆ هەر مرۆڤێک هەزار مەتر سێجایە، وڵات هەیە 500 مەتر سێجا ئاویان بەرناکەوێت و کێشەی بێئاوی و کەمئاوییان نییە ئەوەش پەیوەستە بە شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو.
بە گوتەی د. بێوار خنسی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی باشی بە کەرتی ئاو داوە و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "شێوازی مامەڵەکردن بە دۆسیەی ئاو لە هەرێمی کوردستان زانستی نەبووە"، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان 50٪ پشتی بە ئاوی باران بەستووە و 49٪ پشتی بە ئاوی ژێر زەوی بەستبوو، ئێمە ئاوی سەر زەویمان هەیە و دەستمان بۆ ئاوی ژێر زەوی بردووە.
ساڵی 2008 حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە دروستکردنی 14 بەنداو، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە کابینەی نۆیەم داوامان لە سەرۆکی حکومەت کرد لەو ژمارە بەنداوەی ماونەتەوە هەرنەبێت پارە بۆ ئەوانە تەرخان بکەن کە 45٪ بۆ 90٪ی کارەکانیان تەواوبووە کە 146 ملیاریان بۆ خەرج کراوە و ئەگەر 30 ملیاری دیکەی بۆ خەرج بکرێت سەرجەمیان تەواو دەبن.
مەترسیی پیسبوونی ئاو
د. بێوار خنسی هۆشداری لەبارەی پیسبوونی ئاوی بەنداو و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت، سێ ملیۆن مەتری سێجا ئاو دەڕژێتە رووبار و بەنداوەکان و دەبێت چارەسەری ئەو گرفتە بکرێت.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، دۆخی ئاو لە هەرێمی کوردستان باشترە لە عێراق، "لەبەر ئەوەی ئێمە تاوەکو ئێستا ئاوەکەمان پاکە و لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق داوامان لێکرد هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی نەهێڵین ئاوی پیس بڕژێتە نێو بەنداوەکان، بەتایبەت کە ئاوی بەشێکی بەنداوەکان بەردەدرێتەوە خواروو و ناوەڕاستی عێراق."
بە گوتەی د. بێوار خنسی، ئەو ئاوە پیسانەی دەڕژێنە نێو بەنداو و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی سێ ملیۆن مەتری سێجایە و ئەوە رێژەیەکی زۆرە و نابێت چاوی خۆمانی لێ دابخەین و پێویستە رێگەچارەیەکی بۆ بدۆزینەوە.
"عێراق رژد نییە لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی"
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، راستە عێراق پلانی ستراتیژیی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام لە بودجەدا دەردەکەوێت کە ئەو پرسەی بەلاوە زۆر گرنگ نییە.
زۆزان کۆچەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دۆخی ئاو لە عێراق "زۆر خراپە و زۆر ناوچە مەترسی بە بیابانبوونیان لەسەرە"، حکومەت بۆ پرسی بەشی ئاوی عێراق دانوستانی لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام تەنیا لە ئاستی دانوستاندا ماوەتەوە و نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئێرانیش رێڕەوی زیاتر لە 42 رووباری گۆڕیوە کە دەڕژێنە نێو خاکی عێراقەوە.
زۆزان کۆچەر گوتی، پلانی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی لە عێراق هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق لە بودجەی گشتی 2023دا گرنگییەکی ئەوتۆی بەو بوارە نەداوە و یەک ترلیۆن دیناری دەستنیشان کردووە بۆ هەردوو وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵ. بۆ وەزارەتی ئاو 600 ملیار دینار دیاریکراوە بۆ بەگەڕخستن و جێبەجێکردنی پرۆژەکان کە ئەو بڕە "یەکجار کەمە."
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لە یاسای بودجەی 2023 بڕگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی بەنداو نییە، پلانێکی ستراتیژی لە عێراق هەیە کە تاوەکو ساڵی 2035 سێ بەنداوی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروستبکات، بەڵام بەو بودجە کەمەی بۆ وەزارەتەکە تەرخانکراوە، نازانرێت ئاخۆ ئەو پرۆژە گەورانە جێبەجێ دەکرێن یاخود نا.