پەرلەمانی کوردستان کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی خستە بەرنامەی کارەوە


رووداو دیجیتاڵ

سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆ دەکات؛ یەکێک لەو تەوەرانە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکانە کە ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی داوایکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان زیاد بکرێت و پەرلەمانیش ئەو بڕگەیەی خستە بەرنامەی کارەوە. بەڵام سەرۆکی پەرلەمان واژۆی نەکردووە. 
 
بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانیی رۆژی دووشەممە، 22-05-2023، پەرلەمانی کۆردستان کۆببێتەوە و دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری پەسندبکات کە لەسەر داوای ئەنجوومەنی باڵای حیزبەکەیان و لەچوارچێوەی کشانەوەی کۆمەڵ لە حکومەتی خۆجێیی، پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا رۆژی 8ـی ئەم مانگە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
 
بڕگەی دووەمی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تایبەت دەبێت بە خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89 و 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان:
 
1. پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر ژمارە (39)ـی ساڵی 2015ـی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق.
 
2. پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵی عێراقی، ژمارە (76)ـی ساڵی 2012ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، داوایان کردووە لە دانیشتنی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا دوو بڕگە زیاد بکرێن کە ئەوانیش: کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆن و راپرسیی هەرێمی کوردستان و، هەروەها بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون.
 

دوای ئەم کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە؛ پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی حوکمی بڕگەی چوارەم لە ماددەی 48ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیار درا بە زیادکردنی بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە 4ـی رۆژی دووشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە:
 
سێیەم: کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ماوەی پێنج ساڵی رۆژژمێری کە دەستپێدەکات لە رۆژی تەواوبوونی ماوەی یەکەمی لە رێککەوتی 23-12-2019 و دەنگدان لەسەر پاڵێوراوان بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەپێی حوکمی خاڵی 1ـی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 5ـی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسیی ژمارە 4ـی ساڵی 2014.