لە یۆنان هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و پرسی کۆچبەران گەرمترین مژارە

 رووداو دیجیتاڵ


هەڵبژاردنی پەرلەمانی یۆنان ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت و پرسی کۆچبەران مژارێکی گەرمە؛ پارتی دەسەڵاتدار بەڵێن دەدات بەرەنگاری کۆچبەران ببێتەوە و بەنیازە دیوارێک بە درێژایی سنووری یۆنان دروستبکات، لەبەرامبەردا ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەیەکی میانڕەوی بەرامبەر کۆچبەران گرتووەتەبەر.
 
ئەمڕۆ هەر هاووڵاتییەکی یۆنانی دەچێتە بەردەم سندووقی دەنگدان، بیر لە دوو شت دەکاتەوە: دەیەوێت سنووری وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەراندا تووندوتۆڵ بکرێت؟ یاخود باوەش بۆ هەموو ئەوانە بکاتەوە کە لەبەر هەژاری و خراپیی گوزەرانی لە وڵاتەکانیان هەڵدێن و روو لە ئەوروپا دەکەن.
 
ئەوانەی حەز بە چارەی کۆچبەران ناکەن، لە کیریاکۆس میتسۆتاکیس و پارتە نیمچە راستەکەی باشتریان دەستناکەوێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە.
 
کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکی پارتی دیموکراسیی نوێ دەڵێ "لەسەر هەمان بیروبۆچوون بەردەوامدەبین کە دڵنیابین سنوورەکانمان دەپارێزین، ئەویش لە رێگەی سیاسەتی تووندوتۆڵی کۆچبەرییەوە. ئێمە وەکو حکومەتی پێشوومان سیاسەتی باوەشکردنەوەمان نییە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە بەتەواوی رێز لە بنەما بنەڕەتییەکان ناگرین".
 
پارتی سیریزا، پارتی ئۆپۆزیسیۆنە بە سەرکردایەتیی ئەلێکسیس سیپراس، ئەو سەرۆکوەزیرانەی لە 2015 باوەشی بۆ کۆچبەران کردەوە، لە بانگەشەیەکی چڕوپڕی دژ بە پارتی دەسەڵات بوو.
 
سیپراس بەڵێن دەدات ئەگەر هەڵیبژێرن، سیاسەتێکی میانڕەوانە بەرامبەر کۆچبەران بگرێتەبەر و  بیرۆکەی ئەو دیوارەش پووچەڵبکاتەوە کە میتسۆتاکیس بەنیازە بەدرێژی 192 کیلۆمەتری سنووری لەگەڵ تورکیا تاوەکو 2026 تەواوی بکات.
 
ئەلێکسیس سیپراس، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی یۆنان دەڵێ "ئەو هاووڵاتییانەی لەبەردەم سندووقی دەنگدان لە دوا خولەکدا بڕیاردەدەن، بیر لە هەموو ئەو ناخۆشیانە دەکەنەوە کە پێیدا تێپەڕیون و دەڵێن؛ لێرەوە کۆتایی بەو تارماییە دەهێنین".
 
لە 2019ـدا و لە دوایین ساڵی حوکمی سیپراس 80 هەزار و 454 کۆچبەر و پەنابەر گەیشتنە یۆنان، بە ئامارەکانەوە دیارە کە تا بەرەو دەسەڵاتی میتسۆتاکیسەوە دەڕوات، ژمارەی کۆچبەران کەمدەکات و لە 2022ـدا بۆ تەنیا 12 هەزار و 758  دابەزیوە.
 
پارتی دەسەڵات لەم هەڵبژاردنەدا لە باری بەرگریدایە، لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ چەتە و گرووپە تاوانکارییەکان و گرتنەبەری سیاسەتی دژەکۆچبەری، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی راپرسییەکی پۆڵۆتیکۆ (دامەزراوەیەکی هەواڵیی قازانجنەویستی سیاسی و یاسایی ئەوروپییە) ، پارتی نیو دیموکراسی رێژەی 36٪ـی دەنگەکان دەهێنێت و پارتی سیریزاش رێژەی 29٪.