لە رواندز مین قاچی شوانێکی پەڕاند


لە گوندێکی سەر بە قەزای رواندز، شوانێک لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕو ماڵات بەر مین دەکەوێت و بەسەختی بریندار دەبێت.

زێبارخالد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتى گشتى کاروبارى مین لە سنورى پارێزگاى هەولێر بە (رووداو)ی ڕاگەیاند،" ئەمڕۆ 21/5/2013  کاژێر 1 ی دوای نیوەڕۆ، لە گوندی ماویلیانی سەر بە قەزای رواندز، هاووڵاتییەک بە ناوی ( کارۆخ نوری حەسەن) کە تەمەنی 26 ساڵە و دانیشتووی گوندی ماویلیانە، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاتەکەی دەچێتە ناوچەیەکی مین رێژکراو، لە ئاکامدا مینێکی پێدا دەتەقێتەوەو قاچێکی لەدەست دەدات".

هەروەها گووتیشی،"  تیمەکانی ئاگادارکردنەوە پێشتر سەردانی ئەم گوندەیان کردووەو هۆشداریان داوە لە مەترسییەکانی مین لەم ناوچانەدا".

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتى گشتى کاروبارى مین لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاکو ئێستا 6 رووداوی تەقینەوەی مین لە سنووری پارێزگای هەولێر روویانداوە، کە 2 هاووڵاتی بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوەو 4 ی دیکەش کەم ئەندام بوونە".