پەدەکەسە: سێ نووسینگەمان سووتێنرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا رایگەیاند، شەوی رابردوو سێ نووسینگەیان سووتێنراوە و گرووپەکانی سەر بە یەپەگەش بە سووتاندنی بارەگاکانیان تۆمەتبار دەکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-04-2022 پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا (پەدەکەسە) رایگەیاند، شەوی رابردوو 20ی نیسانی 2022، نووسینگەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان (ئەنەکەسە) و پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا (پەدەکەسە) و پارتی یەکێتیی کوردستان-سووریا (پەیەکەسە) لە کۆبانێ سووتێنراون.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا (پەدەکەسە) گرووپێکی سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە سووتاندنی ئەو سێ بارەگایە تۆمەتبار دەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، چەند فرۆشگا و دووکانێکی نزیک  سێ بارەگاکەش سووتاون.
 
پەدەکەسە ئەو گرووپانە تۆمەتبار دەکات، کە لە 18 و 19ی نیسانی ئەمساڵ، نووسینگەی ئەنەکەسە و پەدەکەسەیان لە دێرک و دربێسیێ و حەسەکە سووتاند.