قایمقامی کفری: بە بەهای 15 ملیۆن دۆلار پرۆژەمان راگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای کفری رایدەگەینێت، بە بەهای نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار پرۆژەی خزمەتگوزاری لەسنوورەکەیاندا راگیراون. دەشڵیت، پرۆژەی رێگەی کفری- کوڵەجۆ بەگوژمەی نزیکەی شەش ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
 
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم کەریم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، لەدوای ناڕەزاییەکانی ساڵی رابردووی قەزای کفری، لیژنەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران هاتنە کفری، چەند پرۆژەیەک بۆ شارەکە جێبەجێکرا.
 
بەگوتەی ساهیر عەلی ئەو پرۆژانەی لەدوای ناڕەزاییەکان بۆ شارەکە جێبەجێکراون؛ هەڵکەندنی 6 بیری ئیرتیوازی، نۆژەنکردنەوەی 6 قوتابخانە، نۆژەنکردنەوەی یاریگەیەکی وەرزشی و دابینکردنی ئەمبۆڵانس بۆ نەخۆشخانەی شارەکە بووە.
 
گوتیشی، کۆشکی سەرای کفری بە بڕی 250 ملیۆن دینار نۆژەنکراوەتەوە و بودجەکەی لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانەوە بۆی دابینکرا.
 
قایمقامی شارەکە دەڵیت، لە سنووری کفری ژمارەیەکی زۆر پرۆژەمان هەن لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار و گەشەپێدانی پارێزگاکان بوون، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە لە 2014ـەوە راگیراون کە بەهاکەیان دەگاتە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار.
 
گوتیشی، بەشی زۆری گەڕەکەکان هێشتا قیرتاو و کۆنکرێت نەکراون بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لەسەر بوودجەی پترۆدۆلار بوون و راگیراون.
 
لەبارەی تۆڕی ئاو و ئاوڕۆ لە قەزاکە، ئاماژەی بەوەکرد، کفری لە سێكتەری ئاو و ئاوڕۆ باشترە و کەمترین کێشەی هەیە، بەشێوەیەک لەکۆی 16 گەڕەکی قەزاکە تەنیا دوو گەڕەک تۆڕی ئاوەڕۆیان نییە.
 
گوتیشی، ئەو دوو گەڕەکەی ئاوەڕۆیان نییە، یەکێکیان لەسەر بودجەی کۆمپانیای گازپرۆم بە گوژمەی 250 هەزار دۆلار بەشێکی جێبەجێکراوە، بەڵام گرفتی دارایی ئەویشی رایگرتووە.
 
رێگەی جوتسایدی کفری- کارێز یەکێکە لەو پرۆژانەی چەند جارێک هاونیشتمانیان و شۆفێران لەرێگەی رادیۆی رووداو گلەیی لە تەواونەکردنی پرۆژەکە دەکەن، ساهیر عەلی دەڵێت، ئەو پرۆژەیە 67٪ی تەواو کراوە، پێویستی بە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دۆلارە بۆ تەواوکردنی، بەڵام قەیران و نەبوونی نەختینە رایگرتووە.
 
بڕیارە رێگەیەکی سەرەکی لەنێوان قەزای کفری و ناحیەی کوڵەجۆ جێبەجێ بکرێت کە راستەوخۆ کفری دەگەینێتە ناحیەی کوڵەجۆ.
 
قایمقامی کفری گوتی، رێگەکە لەنێوان کفری بۆ کوڵەجۆ دەبێت و درێژی رێگەکە نزیکەی 20 کیلۆمەتر دەبێت، بەگوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، ئێستا پرۆژەکە دراوەتە بەڵێندەر و گرێبەستی واژۆ کردووە، بڕیارە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆمپانیاکە دەستبەکار ببێت.
 
گوتیشی، رەزامەندیش لەسەر تەواوکردنی رێگەی دێلێژە- سەنگاو دراوە کە رۆڵێکی گرنگی دەبێت راستەوخۆ کفری دەبەستێتەوە بە سلێمانییەوە.
 
لەبارەی دۆخی پرۆژەکانی کەرتی وەبەرهێنان لە سنووری قەزای کفری؛ ساهیر عەلی گوتی، پرۆژی کارگەیەکی ئاسن لە سنووری کفری بەشی زۆری تەواوکراوە و رۆڵی گرنگی دەبێت بۆ رەخساندنی هەلی کار، هەروەها چەند پرۆژەیەکی گرنگی پیشەسازی رەزامەندیان لەسەردراوە و زەوییان بۆ تەرخانکراوە لەوانە؛ کارگەی خشتی سوور، گارگەی گەچ و پرۆژەیەکی وەزەی سۆلار کە لە قۆناخەکانی کۆتاییدان.