دەمیرتاش: بە رۆحی قازی محەممەد، شێخ سەعیدی پیران و بارزانی تێدەکۆشین

رووداو - ئامەد

لە گوتارێکدا کە لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد پێشکەشی کرد، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP رایگەیاند، پارتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بۆ تورکیا.

دەمیرتاش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە کورد دەبێت پەند لە وانەکانی مێژوو وەربگرێت بۆ بنیاتنانی داهاتوو و گوتی "ئێمە کەسانێک نین کە مێژوومان نەبێت و لەپڕ دەرکەوتبین. وەک نەورۆز، وەک کاوە کە دژی زوحاک راپەڕی، رۆحی بەرخودان لە ناخماندایە و هێندەی یەکگرتوویی ئەو رۆحە رەگمان بەهێزە. رابردوومان هەیە و بەو پەندانەی کە لە مێژووە وەرمانگرتووە، دەبێت داهاتوومان بنیات بنێین."

سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە رۆحی بەرخودانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان هاوکاری ئەوانە بۆ بەردەوامیان لەسەر خواستی دیموکراسی و گوتی "چۆن ئەمڕۆ منداڵانی بۆتان، منداڵانی بەدرخان بەردەوامن لە بەرخودان، چۆن منداڵانی ئیحسان نووری لە ئاگرییەوە سڵاومان بۆ دەنێرن، منداڵانی شێخ سەعیدی پیران سڵاومان بۆ دەنێرن، هاوڕێیانی سەیدرەزا بەجۆشوخرۆشەوە بەشداری لەم ئاهەنگەدا دەکەن، چۆن شوێنکەوتوانی قازی محەمەد لە مەهاباد و سنەوە سڵاومان بۆ دەنێرن، چۆن منداڵانی مەلا مستەفا لە هەولێر، سلێمانی و کەرکووکەوە بە قارەمانی بەردەوامن لە بەرخودان، چۆن هاوڕێکانی عەلیشەر و زەریفە میراتێکیان بۆ ئێمە جێهێشتووە، ئێمەش ئاوا لە کۆبانێوە سڵاوی ئارین میرکان، لە جزیرێوە سڵاوی مەهمەت تونچ، لە سلۆپییەوە سڵاوی سێوێ کۆدەکەینەوە و لێرەوە پێکەوە وەک پەیامی ئاشتی دەینێرین بۆ سەرۆک ئاپۆ لە ئیمراڵی."

دەمیرتاش داوای لە ئەنقەرە کرد کە دەستهەڵگرێت لە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان و گوتی "دەبێت ئەنقەرە بە باشی لەم پەیامەی نەورۆزی ئامەد تێبگات، هەوڵتاندا کورد بترسێت و خۆی رادەستتان بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. وەرن لەوە زیاتر ئینکاری مەکەن، با ئاشتی بکەین بە خەڵاتی گەل، با دایکی کورد و تورکیش چیتر نەگرین."