رزگاربوویەکی بۆردوومانەکەی دینارتە بۆ رووداو: 100% دەیانزانی ئێمە لەوێین


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا، بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیا دەبینن بۆ سەر گوندی کافیا لە سنووری ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانیی گوندەکە. یەکێک لەو کەسانەی لە بۆردوومانەکە رزگاری بووە دەڵێت: "100٪ دەیانزانی ئێمە لەوێین."
 
سادق تاهیر و دوو هاوڕێکەی بەیەکەوە چووبوونە نێو باخەکەیان، بەڵام سادق تەنیا خۆی رزگاری بوو و دەڵێت، "10 جار دەستم لە قورئان دەدەم و رۆژی قیامەتیش لەم قسەیەم بەرپرسم ئەگەر نەیانزانیبێت ئێمە لەوێین. 100٪ دەیانزانی ئێمە لەوێین و بەبێ هیچ هۆکار لێیان داین، لەنێو باخەکە کارمان دەکرد و خەریکی لێکردنەوەی سماق بووین، خواردنیشمان دروستکرد، فڕۆکە هات و مووشەکێکی لێداین."
 
رێگەی گوندەکە سەختە و ئۆتۆمبێل ناگاتە ئەوێ. کەسوکاری قوربانییەکان نزیکەی چوار کاژێر تەرمەکانیان بەسەر شانی خۆیان هەڵگرت تاوەکو گەیشتنە ئەمبووڵانس.
 
عەلی عومەر، برای یەکێک لەو کەسانەی لە بۆردوومانەکەدا گیانی لەدەستدا بە رووداوی گوت، "چووبوون بۆ لێکردنەوە سماق و خەزنکردنی ئاو بۆ هاوین، نایلۆنمان وەکو خانوو دروستکردووە و لەوێ بوون، لەوێ فڕۆکە لێی داون."
 
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، تەرمی قوربانییەکان گەیێندرانە گوندی دوودیی سەروو، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 1990ـەوە گوندی کافیا چۆڵە، ناچاربوون تەرمەکان لە گوندی دوودیی سەروو بەخاک بسپێرن.