داوای هێنانەوەی تەرمی 763 شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێرانەوە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە داوای هێنانەوەی تەرمی 763 شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات؛ سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت، چەندین ساڵە ئەو داوایەیان پشتگوێ دەخرێت. وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا وەزیر لەگەڵ کۆمەڵەکە و پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەو پرسە کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 21-02-2022، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەرمی شەهیدی کیمیابارانمان لە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تاوەکو شاری کرمانی ئێران هەیە؛ ئەوان لە کیمیابارانەکەدا برینداربوون و لە نەخۆشخانەکانی ئێران شەهید بوون".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لە وەزیری ئێستا و هەموو وەزیرەکانی پێشووی وەزارەتی شەهیدان کردووە بۆ هێنانەوەی تەرمەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو داوایە جێبەجێ نەکراوە، دەشڵێت، "ئەو شەهیدانە ناکرێت ئاوا پشتگوێبخرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت رێگە نەدات گڵکۆکانیان لەنێوبچێت؛ ئەوانە بەڵگەی تاوانێکی گەورەی مێژوویین بەرامبەر گەلەکەمان".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت، لە رابردوودا سەردانی چەند گۆڕستانێکیان کردووە کە تەرمی ئەو شەهیدانەی تێدایە و وارسی شەهیدەکانیشیان بردوونەتە سەر گڵکۆکان.
 
بە گوتەی لوقمان عەبدولقادر، بۆ هێنانەوەی تەرمەکان دەبێت بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران گفتوگۆ بکەن و بتوانن رەزامەندیی ئێرانی بۆ وەربگرن.
 
سەبارەت بە داوای کۆمەڵەکە، عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 21-02-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو داوایە ماوەیەکی زۆرە داوای کەسوکاری شەهیدانە، "ناتوانم بڵێم بەڵێنی هێنانەوەی تەرمەکان دەدرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ماوەیەکی نزیکدا جگە لە کۆمەڵەکە و کەسوکاری شەهیدان، وەزیر لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجەشدا کۆدەبێتەوە و یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان باسکردنە لە هێنانەوەی تەرمەکان".
 
رۆژی 16-03-1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرا، لە ئەنجامدا جگە لە شەهیدبوونی لانیکەم پێنج هەزار هاونیشتمانی، هەزارانی دیکەش برینداربوون. ساڵانە لەو رۆژەدا بە چەندین مەراسیمی جیاواز لە کوردستان بەگشتی و هەڵەبجە بەتایبەت، رێز لە قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەگیرێت.