فەلاح مستەفا: نێچیرڤان بارزانی لە داڤۆس لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و وەزیری وڵاتان کۆبوونەوەی دەبێت


رووداو - هەولێر

فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جگە لە سەرۆکی ئەمریکا، ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، لەنێویاندا وەزیری دەرەوەی تورکیا و نەرویج و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی سعودییە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆکی وڵاتانیش کۆبوونەوەی هەبێت.
 
لەبارەی کۆڕبەندی داڤۆس فەلاح مستەفا رایگەیاند، دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان و سەرکردە ئابوورییەکان کۆببێتەوە بۆ خستنەڕووی پەیام و سیاسەتی هەرێمی کوردستان.
 
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هاوکات ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ کۆڕبەندی داڤۆس لە بڕگەی چاوبەچاو لەبارەی گرنگیی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا گوتیشی، گرنگییەکەی ئەوەیە سیاسەت و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو، دواتریش  فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان "بۆئەوەی بتوانین نەک لەڕووی سیاسی و ئاسایش، بەڵکو لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین".
 
لەبارەی تەوەرەکانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوە کرد "تەوەرەکان بریتین لە پرسە پەیوەندیدارەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا، شەڕی دژی تیرۆر، مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و عێراق، پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق و تێڕوانینمان بۆ ئایندەی ئەو پەیوەندییانە، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا نوێ نین".
 
هەر سەبارەت بە گرنگیی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس، فەلاح مستەفا گوتی، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ترەمپ گرنگی و بایەخی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە دەردەخات.
 
هاوکات راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتێکیان هەیە بۆ واشنتن و کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە کاتێکی گونجاودا بچێتە کۆشکی سپی؛ لەبارەی بانگهێشتەکەی تاران بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتی، ئەو بانگهێشتەش ماوە، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیارینەکراوە.
 
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەگەر داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆئەوەی نێوەندگیری نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکە بکات، بەتایبەتی ئەمریکا و ئێران، بەدڵنیاییەوە ئامادەیە.
 
فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە ململانێکان؛ لەبارەی بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان گوتی، لەو بڕیارەدا پەلە کراوە.
 
سەبارەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، لەنێویاندا هێزەکانی ئەمریکا، فەلاح مستەفا گوتی، تاوەکو ئێستا باسی ئەوە نەکراوە لە ئەگەری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەو هێزانە بێنە هەرێمی کوردستان، تەنیا باسی ئەوە کراوە کە لە چوارچێوەی عێراق دەمێننەوە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق.