هەورامان گەچێنەیی: لە هەردوو وەرزی یاسادانانی پەرلەمان هیچ غیابێکم نەبووە

 
 
رووداو- هەولێر

هەورامان گەچێنەیی وەڵامی رۆژنامەڤانێک لەبارەی ئامادەنەبوونی لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و رایدەگەیێنێت "لە هەردوو وەرزی یاسادانانی پەرلەماندا هیچ غیاباتێکی پەرلەمانم نەبووە".
 
د. هەورامان گەچێنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و لەکۆی 35 دانیشتن تەنها حەوت رۆژ مۆڵەتم هەیە. 
 
هاوکات ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە وێنەی لیستی ئامادەنەبوونی هاوپێچکردووە دەڵێت "لەم خولەی پێنجەمی پەرلەمان بەهەردوو وەرزی بەهارە و پاییزە بەندە کە هێمن مامەند فەرمویەتی ( زۆرترین غیابم هەیە!!)، تەنانەت یەك غیابیشم نییە، بەڵکو لەکۆی 35 دانیشتن، تەنها حەوت مۆڵەتم هەیە، بەپێی پەیڕەو مافی خۆم بووە کە مۆڵەت وەربگرم".
 
لەبارەی مۆڵەتەکانی، ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامیی دەڵێت، چوار دانیشتنیان نەخۆش بووم، هاوڕێکانم شاهیدن و سێ دانیشتنیش تەنها خوێندنەوەی یەکەم بووە بۆ چەند پێشنیازەبڕیارێک و گفتوگۆی تێدانەبووە".