لە چەند مزگەوتێكی هەولێر ژن تەڵاق دەدرێن
رووداو - هەولێر
لە چەند مزگەوتێكی هەولێر تەڵاقنامە بۆ ئەو پیاوانە دەنووسرێت كە دەیانەوێت ژنەكانیان تەڵاق بدەن یان بە زارەكی تەڵاقیان داون، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیش پێیوایە لەو رێگەیەوە فێڵ لەو ژنانە دەكرێت و مارەیی و مافەكانیان پێنادرێ.
عیزەدین عەبدوڵڵا یاسین، راوێژكاری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند: "لە هەندێك مزگەوت ئافرەت تەڵاق دەدرێن، لیژنەی فەتواش لەسەر بنەمای نووسراوێكی نایاسایی و ناشەرعی تەڵاقەكە پشتڕاست دەكاتەوە و لە دادگاكان پشت بەو تەڵاقنامەیە دەبەسترێ".
حاجی عیزەدین عەبدوڵڵا كە ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی خێزانیشە، باس لە نێوەڕۆكی ئەو نووسراوانە دەكات و دەڵێ: "نووسراوەكان كاغەزێكی ئاسایین و لەلایەن مەلا یان پیاوەكەوە دەنووسرێت، لە زۆربەی نووسراوەكاندا تەنیا نووسراوە (من فڵان كەسم، ژنی خۆمم تەڵاقدا، ژنەكەم دەڵێ مارەیی خۆمم تەواو وەرگرتووە، یان لە مارەییەكەی خۆم خۆشبووم)، لەژێرەوەش ناو و پەنجەمۆری خۆی و ژنەكەی و دوو شایەتی نووسیوە، ئەم كاغەزە دەبرێتە بەردەم لیژنەی فەتوا و ئەوانیش پەسەندی تەڵاقی دەرەكی ژن و مێردەكەیان كردووە و بە نووسراوی فەرمی ناردوویانە بۆ دادگای باری كەسی".
بەڕێوەبەرایەتییەكە داوای روونكردنەوەیان لە لیژنەی فەتوای هەولێر كردووە، لیژنەكەش وەڵامی داونەتەوە. نیاز شێخ راغب، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی زانایان بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە ئەو نووسراوانە بەهەند وەردەگرین كە لەلایەن مەلاوە لە مزگەوت دەنووسرێن و مۆر دەكرێن، هەندێك كات مەلاكە خۆیشی لەگەڵیان دێتە لای لیژنەی فەتوا، بەڵام تەنیا پشت بەو نووسراوە نابەستین، بەڵكو دەبێت ژن و پیاوەكە و دوو شایەتەكەش بێنە بەردەم لیژنەی فەتوا، دەشبێت بزانرێت ژنەكە ماف و مارەییەكەی وەرگرتووە یان نا، ئینجا تەڵاقەكە دەچەسپێ و دەبرێتە دادگا".
مەلا نیاز دەڵێت ژنە تەڵاقدراوەكان لە دادگا قسەی خۆیان دەگۆڕن: "ئەو حاڵەتانەمان زۆرە كە لە مافی خۆی خۆش بووە یان داوای بڕێك پارەی كردووە، دواتر لە دادگا پەشیمان بووەتەوە و گوتوویەتی من رازی نیم بەو مافە كەمە و وام نەگوتووە، بۆیە خۆیان هەڵەكە دەكەن، دادگاش وادەزانێ لیژنەی فەتوا مافی ژنەكەی وەرنەگرتووە".
بەڵام وەڵامەكەی لیژنەی فەتوا بۆ حاجی عیزەدین بڕواپێهێنەر نییە، ئەو دەڵێت: "نووسراوەكان هیچ زانیارییەكیان تێدا نییە، نازانرێت شایەتەكان ئەو مەرجانەیان تێدایە كە شەریعەتی ئیسلام دایناوە بۆ شایەتیدان یان نا؟ هەروەها لەسەر كاغەزەكان نووسراوە ژنەكە لە مارەیی و مافەكانی خۆش بوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی تێدانییە. بۆیە بەشێكی زۆر لەو ژنانە لە دادگا رووبەڕووی كێشە دەبنەوە".
بەپێی ئامارەكان تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی 2018 لە هەرێمی كوردستان 3970 حاڵەتی تەڵاق تۆمار كراوە.
بۆ بڕیاردانی مەلا لەسەر تەڵاقدانی ژن، وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایان كۆك نین، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی زانایان دەڵێ: "هەرچەندە رێنماییمان داوەتە مەلاكان كە بەهیچ جۆرێك دەست نەخەنە ناو كاروباری تەڵاقدانەوە و پێویستە بابەتی تەڵاق بۆ لیژنەی فەتوا بنێرن و خۆیان تووشی سەرئێشە نەكەن، 95%ی مامۆستایانیش پێوەی پابەندن، بەڵام مامۆستایان ئەو مافەشیان هەیە لەناو مزگەوت ژن تەڵاق بدەن".
بەڵام ئەمە لەلای وەزارەتی ئەوقاف رێگەپێدراو نییە. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە (رووداو)ی راگەیاند: "هیچ مامۆستایەكی ئایینی بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت هیچ ژن و مێردێك لەیەكدی جیابكاتەوە، تەنیا لەڕێگەی لیژنەی فەتوا، بەڵام شەخس هەیە ئەو هۆشیارییەی نییە، بۆیە مەلایەك دەدۆزێتەوە كە نازانرێ شارەزایی تەواوی لە بابەتەكە هەیە یان نا و كارەكە دەكەن".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف هۆشداری دەداتە ئەو مەلایانەی لە مزگەوتەكانیان ژن تەڵاق دەدەن و دەڵێت: "كاری مامۆستای ئایینی رێنوێنی، ئامۆژگاری و شیكردنەوەی دەقەكانی قورئان و فەرموودەیە، بۆی نییە دەستوەربداتە كێشەی خێزانی و پەنجەمۆر بە ژن و مێرد و شایەتحاڵ بكات لە مزگەوت و لەیەكترییان جیابكاتەوە، ئەگەر خۆشیان رازی بن، بۆیە هەر مەلایەك فەتوای تەڵاق و جیاكردنەوەی ژن و مێرد بدات، لیژنەی لەسەر پێكدێنین و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەین".