میدیاکانی ئێران بەگرنگییەوە لە سەردانی شاندی حکومەت بۆ ئێران دەڕوانن
رووداو - هەولێر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، سەردانی تاران، پایتەختی ئێرانیان کرد. سەردانێك کە جووڵەی خستە نێو میدیای ئێرانی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا.
ئاژانسی میهر، نزیک لە نەریتخوازان نووسیویەتی: نێچیرڤان بارزانی رێگە نادات هیچ جۆرە هەڕەشەیەک لە خاکی کوردستانەوە لە ئێران بکرێت.
تەسنیم، ماڵپەڕی نزیک لە سوپای پاسداران، تیشکی خستووەتە سەر دیداری عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێـمی کوردستان و گوتەیەکی شەمخانییان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا دەڵێت: کەڵکوەرگرتنی دژەشۆڕشەکان لە ناوچە کوردییەکان، بەرگەی ناگیرێت.
ئیرنا، ئاژانسی نزیک لە حکومەت، لەسەر زاری رووحانی بڵاویکردووەتەوە: هێزەکانی دەرەوەی ناوچەکە دڵسۆزی خەڵکی ناوچەکە نابن.
هەروەها ئیسنا، میدیای نزیک لە حکومت گوتەیەکی رووحانی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باسی پشتگیریکردنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان دەکات. هاوکات تیشکیشی خستووەتەسەر گوتەیەکی شەمخانی کە دەڵێت: ئاسایش هێڵی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، شاندی حکومەتی هەرێـمی کوردستان گەیشتە تاران و پرسە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێـمی کوردستان و ناوچەکەش خرانە بەر باس، لەگەڵ جەختکردنەوەی هەردوولا لەسەر گرنگی بوونی پەیوەندی بەهێز لەنێوان هەولێر و تاران.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار