لە سەیدسادق سێ کەس بە تۆمەتی دزینی 35 ملیۆن دینار دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی سێ بە تۆمەتی دزینی زیاتر لە 35 ملیۆن دینار دەستگیرکران. پۆلیس دەڵێت: بڕێکی پارەکە دەستی بەسەردا گیراوە و تۆمەتبارەکان بەشێکی پارەکەیان داوە بە ماتۆرسکیل و دەمانچە.
ئەمڕۆ هەینی 20-12-2024، رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای سکاڵای خاوەنی بەنزینخانەیەک کە 35 ملیۆن و 607 هەزار دیناری لێ دزراوە، پۆلیسی سەیدسادق سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.
هەر ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەکاتی دەستگیکردنی تۆمەتبارەکاندا "بڕێک" لە پارە دزراوەکە دەستی بەسەردا گیراوە.
پۆلیس دەڵێت: "تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە، کە بڕێک لە پارەکەیان گۆڕیوەتەوە بە دۆلاری ئەمریکی و هەر لە پارەکە ماتۆرسکیل و دەمانچە و موبایلیان کڕیوە".
پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی تۆمەتبارەکانی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە (ر. ب. ع - س. ج. ح - هـ. ج. ح). ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر سێ کەسەکە بەگوێرەی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراون.