فەلەکناسیی کوردستان: هەینی لەسەر شەممە شەوی یەڵدایە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان دەڵێت، هەینی لەسەر شەممە شەوی یەڵدایە و دەستپێکی وەرزی زستانە.
چوارشەممە 20-12-2023، ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، رۆژی هەینی، 2023.12.22 كاژێر 06:27 ی ئێوارە بە كاتی هەولێر، دیاردەی (وەرگەڕانی زستانە Winter Solstice) روودەدات، واتە یەكەم رۆژی وەرزی زستان لە نیوەگۆی باكووری زەوی دەستپێدەكات، شەوەکەشی درێژترینە كە ماوەكەی دەگاتە 13 كاژێر و 44 خولەك و 1 چركە، هەروەها ماوەی رۆژیش كورترینە كە دەگاتە 10 كاژێر و 15 خولەك و 59 چركە، ماوەی وەرزی زستانیش بە گشتی 88 رۆژ و 23 كاژێر و 39 خولەك دەبێت".
لەبارەی هۆكاری درێژبوونی ماوەی شەو و دابەزینی پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكووری زەوی ئەژی چەتۆ گوتی، "هۆكارەكەی لاربوونەوەی تیشكی خۆرە، نەك دووركەوتنەوە و نزیكبونەوەی زەوی لە خۆر، چونكە لە راستیدا وەرگەڕانی زستانە لە نیوەگۆی باكووری زەویدا كاتێك روودەدات كە هەسارەكەمان لە نزیكترین خاڵدایە لەگەڵ خۆر، كە بۆ ئەم ساڵ دەگاتە 147 ملیۆن و 99 هەزار و 760 کیلۆمەتر، ئەمەش پێچەوانەی تەواوی بیر و بۆچوونی زۆربەی زۆری هاووڵاتییانە، بە تایبەتی ئەوانەی زانیارییان سنووردارە لە بواری فەلەكناسیدا".
بەپێی لێکدانەوە فەلەکییەکانی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان، "تەواوی دیاردەكانی (هەڵگەڕانەوەی زستانە) لە نیوەگۆی باكوور لە 20، 21 یان 22ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكدا روودەدات، بەڵام زۆر بە دەگمەن لە 23ی كانوونی یەكەمدا روودەدات، بۆیە، دوایین هەڵگەڕانەوەی زستانە لە 23ی كانوونی یەكەمی 1903 روویدا و لە 23ی كانونی یەكەمی 2303دا دووبارە دەبێتەوە، واتە دوای 283 ساڵی دیكە".