بافڵ تاڵەبانی و مەزڵووم عەبدی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دەدەن. مەزڵووم عەبدیش دەڵێت، لەبارەی هەوڵە هاوبەشەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر قسەیان کردووە. 

لە پۆستی فەیسبووکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە: "بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەزڵووم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادە بووە".
 
هەروەها هاتووە: "دۆخی سیاسیی رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد تاوتوێکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە".
 
ئەحمەد نەجم، سکرتێری رۆژنامەڤانیی بافڵ تاڵەبانی کە لەگەڵیدا چووەتە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆکی یەکێتی بە مەزڵووم عەبدی گوتووە، پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و مەزڵووم عەبدیش سوپاسی بافڵ تاڵەبانی کردووە کە لەم کاتە "هەستیارەدا" سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و گوتووشیەتی: "مام جەلالیش لە خەمی هەموو پارچەکانی کوردستاندا بووە".

 

 
لە پۆستەکەی بافڵ تاڵەبانییدا هاتووە، ‏‎لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا مەزڵووم عەبدی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "رۆژئاوا [رۆژئاوای کوردستان] هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكات كە بەردەوام پشتیوانێكی راستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بووە، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆسە ئەمنی و سەربازییەكانی رۆژئاوا دژی داعش هەبووە و ئەمەش جێگەی شانازیمانە". ئاماژە بەوەش کراوە، مەزڵووم عەبدی گوتوویەتی، هەموو هەوڵێكیان لەپێناو ئازادیی كورد و پاراستنی مافەكانیانە.
 
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەدا نووسراوە: "بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا. بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام دەبن و گەشەی زیاتری پێدەدەین؛ یەكێتی خۆی بە خزمەتكاری هەموو كورد دەزانێت، كوردبوون شانازیمانە و مانەوەمان پەیوەستە بە یەكبوون و یەكڕیزیمانەوە".
 
لە بەردەوامیدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی رۆژئاوای کوردستان پاراستنی ماف، کلتوور و زمانی کوردییە و بۆ ئەوەش پشتیوانییان لێ دەکەن.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە مەزڵووم عەبدی لە تویتەری خۆی وێنەیەکی خۆی و ماتیو مکفارلەین، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بافڵ تاڵەبانی داناوە و پۆستێکی لەگەڵ بڵاوکردووەتەوە و، دەڵێت، خۆشحاڵە بە کۆبوونەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ماتیو مکفارلەین، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش "بۆ قسەکردن لەبارەی هەوڵە هاوبەشەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە". 
 
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، شانازی بەو پێکەوەکارکردنە دەکات و کاریش دەکات بۆ ئەوەی بەرفراوانتری بکات و دەشڵێت، "سوپاس بۆ پاڵپشتی و دۆستایەتیتان".