چەمکی خوێنەر لای ئەفلاتوون
ئەفلاتوون وەکو قوتابییەکی سوکرات، بە هەمان شێوەی مامۆستاکەی دانووی لەگەڵ بیرکردنەوە و تێڕوانین و فەلسەفەی سۆفیستاییەکاندا نەدەکوڵا. هاوکات هەمان شێوەی مامۆستاکەی فەلسەفەی کۆنی بە لاواز و ماوەبەسەرچوو دەزانی. لەبارەی شاعیرانەوەش هەمان بۆچوونی مامۆستاکەی هەبوو. هێندە هەیە سوکرات لە بڵاوکردنەوەی فەلسەفەکەیدا پەنای بۆ دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گوێگرەکانی دەبرد، واتە ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵ قوتابی و هاوڕێکانی دەکرد، بەڵام ئەفلاتوون لەڕێی کتێبەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی فەلسەفەکەی دەدا، بۆ نموونە چەند کەسایەتییەکی وەکو سوکراتی هێناوە و لەڕێی ئەوانەوە قسەکانی خۆی کردووە. بۆیەش زۆربەی کتێبەکانی ئەفلاتوون گوزارشتن لە دانیشتنێک، سوکرات لەگەڵ خەڵکانێک دانیشتووە و قسە و دیالۆگ دەکەن.
ئەوەی لە کتێبی کۆماردا تێبینی دەکرێت، سوکرات سەرپەرشتی دیالۆگەکان دەکات و لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی دیکە دەچێت، تاکو دەگات بەو ئەنجامەی لەڕووی فەلسەفییەوە دەیەوێ بیسەلمێنێت.
((ئەفلاتوون شێوازێکی هونەری بۆ نووسینەکانی بەکارهێناوە و کێشە فەلسەفییەکانی لە ڕێگەی دیالۆگی نێوان چەند کەسێکەوە دەربڕیوە، خوێنەر ماندوو ناکات، بەڵکو هانی دەدات چێژی لێوەرگرێت و بە ئاکامی گفتوگۆی نێو دیالۆگەکە بگات و وەڵامی پرسیارەکانی دەستبکەوێت.)) [کەمال: ٢٠١٠: ٤٨] ئەم شێوازەی ئەفلاتوون دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی چینی ڕۆشنبیری یۆنانی کۆن گرینگی زۆر بە فەلسەفە بدەن و هەوڵبدەن بۆ گەیشتن بە حەقیقەت لەڕێی ئەم شێوازەوە، واتە شێوازی وەڵام و پرسیار لەڕێی دیالۆگەوە. هەرچەندە هێندێک کەس ڕەخنەیان لەم شێوازەی ئەفلاتوون بەرانبەر خوێنەرەکانی دەگرت، بەتایبەت ئەو خوێنەرانەی لە ڕووی پاشخانی رۆشنبیرییەوە هەژار و دەستکورتن، ناتوانن لە مەبەستی ئەفلاتوون بگەن بۆ ئەو بابەتەی دیالۆگی لەبارەوە دەکات. هاوکات ڕەخنەی ئەوەیشی ئاراستە دەکرێت، ئەفلاتوون بە شێوەی نواندن بە زاری خۆی و سوکرات دەپەیڤێت، بەمەیش بۆ هێندێک ئاسان نییە جوایەزی لە نێوان بیرکردنەوەی ئەفلاتوون و سوکراتدا بکات. بۆیەش ((لەسەر خوێنەر پێویستە هەموو هوردە پارچەی بۆچوونەکان لێرە و لەوی کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی بگات بە بۆچوونێکی تەواوەتی.)) [شعراوی: ١٩٩٩: ٩٧] کەواتە ئەم فەیلەسووفە لەڕێی دیالۆگەوە دەیویست واتاکان لەڕێی حەقیقەتی خواوەندییەوە بە خوێنەر بگەیەنێت. یەکەم هەنگاویشی ڕزگارکردنی خوێنەرە لەژێر هەژموونی فەلسەفە هەڵخەڵەتێنەرەکەی سۆفیستاییەکان، چونکە بڕوای وابوو بیرکردنەوەی ئەوان لەسەر وەهم بنیادراوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین ڕەخنەی ئەفلاتوون لە بۆچوونی سۆفیستاییەکان لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆبکەینەوە:
- هەستەکان ڕێیەکن بۆ گەیشتن بە زانست و زانیاری، ئەمەش لە زۆر باردا لەگەڵ درکپێکردنی خوێنەرەکان یەک نایەتەوە.
- گۆڕانی فێرکردن و دیالۆگ و پووچەڵکردنەوەی بەڵگەکان بەهۆی هەستە خودییەکانەوە.
- ئەگەر هەستەکان پێوانەی حەقیقەتەکان بن، کەواتە ئاژەڵیش وەک مرۆڤ دەتوانێ درک بە حەقیقەت بکات، چونکە هەمان هەستیان هەیە.
- بەم هۆکارەی سەرەوەش بێت، ناتوانین ڕاستی و ناڕاستی لە یەکدی جودا بکەینەوە. [امین و محمود: ١٩٣٥: ١٢٥]
ئەگەر لە بۆچوونەکانی ئەفلاتوون بۆ ئەدەب بڕوانین، ئەوا ئەم فەیلەسووفە لە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ئەم کارەی نەکردووە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ داڕمانی کەسایەتی خوێنەری یۆنانی. بۆیەش ئەو شاعیرەکان لە کۆمارەکەی دەردەکات. چونکە ئەوان لەبارەی هەست و سۆزەوە کار دەکەن، بەمەش وا دەکەن لاوەکان عەقڵ فەرامۆش بکەن و گرینگی بە هەست و سۆز بدەن. هاوکات لاوەکان هاندەدەن ڕەخنە لە خواوەندەکان بگرن و قسەی نابەجێ و نەشیاویان پێبڵێن. ئەفلاتوون بڕوای وایە ترسناکترین جۆری شیعر کە کاریگەریان لەسەر گوێگران و خوێنەران هەبێت، شیعری شانۆیی (کۆمیدیا و تراجیدیا) و شیعری داستانین، بەهانەی بۆ ئەم بۆچوونەی ئەوەیە شاعیر دۆنایدۆن لەگەڵ کەسایەتییەکان دەکات. واتە گوێگران و خوێنەران لەگەڵ کارەکتەری ناو دەقەکان تووشی دۆنایدۆن دەبن. واتە شاعیرەکان لەناو خەیاڵ و وەهمدا دەژین، بەمە خوێنەرانیش تووشی هەمان بار دەکەن. تەنانەت ئەوەی ڕەتدەکردەوە هێندێ لە ژنان لە شانۆییەکاندا ڕۆڵ ببینن، چونکە ڕەنگە لە وێنەی کەسانی بێبڕوا و خۆشەویستییەکی حەرامدا دەربکەون. ئەوەش رەتدەکاتەوە ئەرکی شیعر لە دڵخۆشکردنی خوێنەردا کورت بکاتەوە، چونکە ئەرکی سەرەکیی شیعر کاریگەرییە لەسەر کەسایەتی خوێنەر و پێگەیاندنیەتی بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دەرکەوێت و شیعر کۆمەکی مرۆڤ دەکات بۆ ئەوەی ژیانی باش بکات. کەواتە ئەفلاتوون دەیویست حەقیقەتەکان لە زیهنی خوێنەردا بچەسپێنێ، ئەویش لەڕێی دیالۆگەوە.
سەرچاوەکان:
١. کەمال (د.محەمەد): ٢٠١٠: فەلسەفەی ئەفلاتوون: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
٢. امین و محمود (احمد و زکی نجیب): ١٩٣٥: قصە الفلسفە الیونانیە، مگبعە دار الکتب المصریە، القاهرە.
٣. شعراوی (عبدالمعگی): ١٩٩٩: النقد الادبی عند الاغریق والرومان، مکتبە الانجلو المصریە، القاهرە.