عیساوی: ئەزموونی سەحوەکان چارەسەر نییە بۆ دۆخی عێراق


رووداو- هەولێر

سەرکردەیەکی سوننەکان پێیوایە چەکدارکردنی خۆبەخشانی هۆزە سوننییەکان لە دەرەوەی دامەزراوەی فەرمی، هیندەی دیکە دۆخی ئەمنی ئاڵۆز دەکات، "چونکە ئەزموونی سەحوەکان چارەسەر نییە بۆ دۆخی عێراق".

رافیع عیساوی، سەرکردەیەکی سوننە و وەزیری دارایی پێشووی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند: ''پێکهێنانی پاسەوانی نیشتمانی لە خۆبەخشانی هۆزەکانی عێراق باشترین چارەسەرە بۆ ئارامی لە عێراق، پێویستە حکومەتی عێراق پەلەبکات لە پێکهێنانی ئەو هێزانە تاوەکو چیتر خوێنی هاووڵاتیان نەڕژێت، جگە لەوەش چەکدارکردنی خۆبەخشانی هۆزەکان دەبێ لەچوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان بێت، چونکە ئەزموونی سەحوەکانی چیتر نابێتە هۆی بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایش''.

عیساوی داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات پابەند بێت بە جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسی حکومەتەکەی، هەروەها جێبەجێکردنی ئەو بڕگەو بەندانەی لەسەری رێککەوتوون، تاوەکو عێراق لەم قەیرانە رزگاری بێت و مەترسی داعشی لێ دووربخرێتەوە.

عیساوی هەلەکانی بەردەم حکومەت ئاشکرادەکات و دەڵێت ''حکومەتی عێراق لەم قۆناخەدا چانسێکی باشی لەبەردەمە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوەی ئەمنی و کردنەوەی دەرگای خۆبەخشی بۆ چەکدارانی هۆزەکان، چونکە بوونی گرووپ و میلیشیا شانبەشانی سوپا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و گرفتەکانی عێراق زیاتر دەکات، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە یاسای پاسەوانی نیشتمانی جێبەجێ بکرێت''.

وەرگێڕانی: هەڵۆ کاکەوەیس