41 قوتابی زانکۆی قەیوان لە مالیزیا ئاهەنگی دەرچوونیان دەگێڕن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی قوتابییانی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دوای 16 ساڵ لە کۆشش، بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی دەرچوونیان لە سلێمانییەوە چوونەتە مالیزیا. بۆ ئەوەی هاوشانی قوتابییانی زانکۆی تەکنەلۆجیی مالیزیا، ئاهەنگی دەرچوون بگێڕن.
سۆزدار مەهدی، قوتابیی زانکۆی قەیوان دەڵێت "دەمەوێت ئەوەی لە زانکۆ فێربووم لەو جێگایانەی تێیاندا کاردەکەم، هەر هیچ نەبێ، یەک تۆزیش بێت بەکاربهێنمەوە. دەمەوێت کارێک بکەم خوێندکارانی کورد فێری ئەوەبن، ماندووبن و کۆشش بکەن تاوەکو بڕوانامە بەدەستدەهێنن."
18 قوتابی کچ و 23 قوتابیی کوڕ لە سلێمانییەوە گەشتیان بۆ شاری خۆهۆبارۆی مالیزیا کردووە؛ بۆ ئەوەی کڵاوی گەیشتن بە بڕوانامەی خوێندنیان بە دونیایەک حەز و خولیا و ئامانجەوە بە ئاسماندا هەڵبدەن و پەیمانی خزمەتی زانست و تەکنەلۆجیا ببەستن.
راسان ئاسۆ، قوتابیی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەڵێت "لە زانکۆیەک خوێندوومە کە بڕوانامەکەی نێودەوڵەتییە، لە هەرکوێیەکی دونیا بمەوێت، دەتوانم کاربکەم، ئەوە زۆرباشە."
بڕیارە 21ـی ئەم مانگە، 41 قوتابیی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتیی لەگەڵ قوتابییانی زانکۆی تەکنەلۆجی مالیزیا، ئاهەنگی دەرچوون بگێڕن، کە یەکەمین جارە لە کوردستان بەوشێوەیە بڕوانامە بە دەرچووان دەدرێت.
ئەحمەد مەحموود، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و میدیای زانکۆی قەیوان باس لەوە دەکات، یەکەمجارە لە کوردستان بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەستبێت، بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتی کە لە هەموو دونیا کاری پێدەکرێت. جیاوازییەکەی ئەوەیە خۆی نێودەوڵەتییە و پێویستی بە هاوتاکردن نییە.
زانکۆی قەیوان هاوبەشی زانکۆی یوتی ئێمە و هەمان پرۆگرامی زانستی زانکۆ مالیزییەکە لە سلێمانی پەیڕەو دەکەن.
ئەو قوتابییانەی 21ـی مانگ ئاهەنگ دەگێڕن، دەرچووی بەشەکانی ئەندازیاریی ئامێرە پزیشکییەکان، ئەندازیاریی کۆمپیوتەر، ئەندازیاریی پرۆگرامسازیی و بەشە کارگێڕییەکانن.