رێژەی 94٪ـی بژمێرەکان لە هەرێمى کوردستان کاران و 50%ـی کارەکانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
رێژەی 94٪ـی بژمێرەکانى سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە هەرێمى کوردستان کاران و بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى سەرژمێرییەکە دەڵێت "زیاتر لە 50% کارەکان بۆ تۆمارکردنى خێزانەکان کراون."
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى سەرژمێریی گشتیى دانیشتووان لە هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "تاوەکو ئێوارەى ئەمڕۆ، 94%ـی بژمێرەکانى سەرژمێرى گشتیی دانیشتووان کارا بوون، ئەو رێژەیەش دڵخۆشکەرە."
هەر بژمێرێک لە شارەکان لەنێوان 80 بۆ 120 خێزان و لە گوندەکان لەنێوان 25 بۆ 40 خێزان تۆمار دەکەن.
مەحموود عوسمان رایگەیاند "بەگوێرەى رێژەى کارایی بژمێرەکان، زیاتر لە 50% کارەکانى تۆمارکردنى ناوى خێزانەکان لە هەرێمى کوردستان کراون."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20ـی تشرینى دووەمی 2024) سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەستیپێکرد، کە قۆناخى یەکەمى تۆمارکردنى ناوى خێزانەکان و ئەندامەکانیانە و، سبەى بەهەمانشێوە بەردەوام دەبێت بۆ تەواوکردنى پرۆسەى تۆمارکردنى ناوى خێزانەکان.
ئەوە، یەکەمجارە دواى 37 ساڵ، سەرژمێریی گشتى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت.
دواى 21ـی تشرینى دووەمی 2024، بژمێرەکان جارێکی دیکە سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە، ئەمجارەیان فۆرمێکی گشتگیرتر بە خێزانەکان پڕدەکەنەوە کە زیاتر لە 70 پرسیاری لەبارەی ژیان و پێداویستییەکانی خێزانەکان تێدایە.