بەڕێوەبەرى ئامارى نەینەوا بۆ رووداو: 60%ـی خێزانەکان تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
لەیەکەم رۆژى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە سنوورى پارێزگای نەینەوا 60%ـی خێزانەکان تۆمارکراون، بەگوتەى بەڕێوەبەرى ئامارى شارەکە، ئەگەر هەیە رێژەکە زیاتر بێت.
کاژێر 07:30ـی ئێوارەى ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20ى تشرینى دووەمی 2024) نەوفەل سلێمان، بەڕێوەبەرى ئامارى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "تاوەکو ئێستا، 60%ـی خێزانەکان لە سنوورى نەینەوا لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان تۆمار کراون."
بۆ یەکەمجار دواى 37 ساڵ، سەرژمێریی گشتیى دانیشتوان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەمی 2024 بۆ تۆمارکردنى خێزانەکانە.
بەڕێوەبەرى ئامارى نەینەوا گوتى "پرۆسەى تۆمارکردنى ناوى خێزانەکان تاوەکو 12ـی شەو بەردوام دەبێت."
لە سنوورى نەینەوا چەندین ناوچەى کوردستانى لێیە کە بە گوێرەى مادەى 140ـی دەستوور، چارەنووسیان یەکلانەکراوەتەوە.
بەشێکى زۆرى هاونیشتیمانیانى کوردى ئەو ناوچانەى نەینەوا، کە لە هەرێمى کوردستان بوون، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان بۆ ناوتۆمارکردنیان.
لە رۆژانى 20 و 21ـی تشرینى یەکەم، قۆناخى یەکەمى تۆمارکردنى ناوى خێزانەکان و ئەندامەکانیانە، دواتر بژمێرەکان سەردانى خێزانەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەى زانیارى دیکەیان لێوەربگرن.